منداڵ و قوتابییەکانمان چۆن خەوی شەوانەیان ڕێکبکەنەوە؟



سۆران ڕەسوڵ – پسپۆڕی پەروەردەیی

پڕۆسە و وەرزی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە، کە تەواوی خێزانەکان و دایبابان ئامادەکاریان بۆ بەردەستخستنی پێداویستی قوتابییەکانیان کردووە، دەخوازین لە ئێستاوە ڕێکخستنێکی باشی بەڕێوەبردنی ژیانیان بکەن لەو لایەنە مەعنەویانەی لە سەرەتاوە گوڕ و هێز دەخاتە بەر قوتابیان، بۆ یەکەم هەنگاویش کێشەی ناڕێکی خەو و چارەسەرەکانی دەخەمە بەر دیدەی خێزانەکان هەتا بە ئاسانی لەم گرفتە دەربچن.

خەو پێداویستییەکی بنچینەیی ژیانی مرۆڤە و زانای بەناوبانگی دەروونیش ‘ئەبراهام ماسلۆ’ لە تیۆرییە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی هەرەمی ماسلۆ بۆ پێداویستییەکان، لە بنکەی هەرەمەکەیدا خەوی وەک پێداویستییەکی فسیۆلۆژی و بنەڕەتی ژیانی مرۆڤ داناوە.

بەپێی توێژینەوەکان مرۆڤ ناتوانێت بۆ ماوەی ۷۲ کاتژمێر زیاتر بەبێ خەو بمێنێتەوە، چونکە کاریگەری تەواو خراپ لەسەر تەواوی جەستە و لایەنەکانی مێشک و دەمار و دەروون و لایەنی ڕەفتارییشی دادەنێت.

مێشکی مرۆڤ لە کاتژمێر ١٢ بۆ چواری شەو خانەی نوێ دروستدەکات و زانیارییەکانیش خەزندەکات، بۆیە لەکاتی خەودا بیر لە کاروبار و گرفتەکانی ئەو ڕۆژەت مەکەرەوە، تەنها ئەو زانیارییانە نەبێت کە پێویستن لە ڕووی فێربوون و هەوڵدان و کارامەییەکان، چونکە ئەو کاتەی شەو بە (کاتی ئاسایش بۆ نووستن) دادەنرێت.

‘ئیرین هانلون’ مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی شیکاگۆ لە ئەمریکا، دەڵێت “ئارەزووی خەوتن بەهێزترە لە ئارەزووی خواردن” واتە مرۆڤ دەکرێت لەبەرامبەر خواردندا تا ڕادەیەک خۆی پێ کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام لە بەرامبەر خەودا مرۆڤ ناتوانێت خۆی ڕابگرێت، پەندێکی کوردیش پشتڕاستی ئەم بۆچوونە دەکاتەوە، دەڵێت “خەو زاڵمە”.

مرۆڤ بە گشتی ناتوانێت لە کاتی خەوهاتندا کۆنترۆڵی خۆی بکات و بتوانێت بەسەر خۆیدا زاڵ بێت، بەڵکو تەواو پێچەوانەکەی دێتەدی، پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لە نێوان خەوی خراپ و کێشەی تەندروستیدا، کە بەپێی تەواوی توێژینەوە پزیشکی و تەندروستییەکان، ناڕێکی خەوتن یان کەمخەوی ئەم دەرهاویشتە نەرێنیانە لەسەر مرۆڤ دادەنێت (نەخۆشییەکانی دڵ، بەرزی پەستان، سترێس و قلقی بەیانیان، لەش داهێزران، دڵ ناخۆشی، بێتاقەتی، نەبوونی حەز و توانا بۆ چالاکی و کارکردن) بۆیە زۆرینەی بێتاقەتی و پەستی خەڵک لەو شوێنەوە سەرچاوە دەگرێت، کە خەوی شەوان و هەستانی بەیانیانیان ڕێک و تەواو نییە.

دەتوانین بەم هەنگاوانە وادەی خەوی شەوانە و هەستانی بەیانیانی خۆمان و منداڵەکانمان ڕێکبکەینەوە:

۱ ــ هەموو شەوێک لە یەک کاتی دیاریکراودا بخەویت و بەیانیانیش لەهەمان کاتژمێر هەستیت، بۆ ئەوەی کاتژمێری بایۆلۆجی جەستەت بۆ تەواوی ڕۆژ و کاتەکانی دیکەت ڕێکببێتەوە.

۲ ــ کوژاندنەوە و خامۆشکردنی تەواوی ڕووناکی ژوور، چونکە هۆڕمۆنی میلاتۆنین کە بە هۆڕمۆنی خەو ناودەبرێت هەستیارە بە ڕووناکی، هۆڕمۆنی میلاتۆنین لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی کاتژمێری بایۆلۆژی جەستەوە یارمەتی لەش دەدات بۆ خەو و حەسانەوەی پێویست.

۳ ــ ماوەی خەو لە ۷ ــ ٨ کاتژمێر نابێت کەمتر بێت، چونکە هۆڕمۆنی کۆرتیزۆل کەم ناکات و سیستەمی خەوت تێکدەدات، ئەگەر لە پێش کاتژمێر ۱۱ ـەوە نەخەوتبێتیت،هۆڕمۆمی “کۆرتیزۆل” کە یەکێکە لەو هۆڕمۆنانەی جەستە بەشێوەیەکی سروشتی بەرهەمی دەهێنێت، بە هۆڕمۆنی فشار و پاڵەپەستۆ ناسراوە، کاریگەری لەسەر تەواوی جەستە هەیە، کاتێک ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنە بەرزدەبێتەوە ناتوانیت بە باشی بخەویت، جەستەت وزەیەکی کەمی پێدەبێت و بەردەوام لە دڵەراوکێدا دەبیت.

٤ ــ ئامێرە ئەلکترۆنییەکان و شاشە زیرەکەکان یەک بۆ دوو کاتژمێر پێش خەو بەکارنەهێنرێت و دوور بخرێنەوە، هەروەها نابێت ژووری منداڵ تەلەڤزیۆنی تێدابێت بەهیچ جۆرێک.

٥ ــ بە سکی تێرەوە نەخەویت، پێویستە ۳ ــ ٤ کاتژمێر پێش خەوتن هیچت نەخواردبێت، جگە لە ئاو، ئەگەر زۆریشت برسی بوو لەم خۆراکانە بخورێت بە ئەندازەیەکی کەم (ماست، مۆز، گێلاس، پرتەقاڵ، پەنیر، ناوکە کولەکە، گوێز، بادام ) بەڵام خواردنی میوەی شەوانە باش نییە لەبەر ئەو شەکرەی کە تیایەتی، ئاگاداربە پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لە نێوان مێشک و گەدەدا.

٦ ــ پلەی گەرمای ژوور گرنگ و بنچینەییە بۆ خەو، باشتر وایە کەمێک فێنک یان بەرەو سارد بێت، وە خۆداپۆشین خەوتن ئاسانتر دەکات، واتە پلەی گەرمی ژوور بەرز نەبێت و هەست بە گەرما نەکەیت.

۷ ــ لە ژووری نووستن کاتژمێر دامەنێ بۆ ئەوەی لەکاتی نووستن یان لە کاتی خەوزڕان تەماشای بکەیت، ئەمە سترێس و دوودڵی و نیگەرانی دروستدەکات.

٨ ــ پێویستە جوڵەی لەشت باش بێت (چالاکی وەرزشی ڕۆژانە).

۹ ــ چوونە بەر خۆر لە ڕۆژانی ئاسایی و کەشوهەوای خۆشدا، کەمی ڤیتامین دی کەمدەکاتەوە و خەویش خۆش دەکات، بەڵام خۆری نیوەڕوان نا کە لە سەرەوە ڕاستەوخۆ لێت دەدات.

۱۰ ــ لە عەسرەوە قاوە نەخورێتەوە چونکە ماددەی کافاینی تێدایە و خەو دەزڕێنێت.

۱۱ ــ بۆ دانانی ئاگادارکردنەوەی بەیانیان زەنگی مۆبایلەکەت بەکاربهێنە بۆ هەستان، بەڵام دوو مەتر دوور لەخۆت و لە شوێنێکی بەرز دابنرێت، هەتا بتوانیت بۆ کاتی خامۆشکردنی زەنگەکەی هەستیتە سەرپێ و چاوت بکەیتەوە، بەمەش خەوەکەت دەڕەوێتەوە، بەو مەرجەی نەچیتەوە ناو جێگەی نووستنەکەت.

۱۲ ــ بەیانیان بە ئاوێکی شلەتێن بەرەو سارد خۆت بشۆریت.

۱۳ ــ بەیانیان خواردنەوەی قاوەیەک یان چایەک.

۱٤ ــ بەیانیان کە هەستایت لە خەو ڕاستەوخۆ پەرداخێک ئاو بخۆرەوە، بە ئاوی سارد دەموچاوت بشۆرە، کەمێک جوڵە بکە، ژوورەکەت ڕووناک بکەرەوە و پەردەی ژوورەکە لابدە.

ئاگاداربن، زۆرینەی ڕێنماییەکان بۆ تەواوی منداڵان و قوتابیانی گشت قۆناغەکانی خوێندن بە سوود و بەجێن بۆ جێبەجێکردن.

 

ماكرۆن داوایەك لە پزیشكیان دەكات
پێت ماكرۆن داوایەك لە پزیشكیان دەكات
مەسرور بارزانی:دەمانەوێت باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ هەبێت
دوات مەسرور بارزانی:دەمانەوێت باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ هەبێت
پەیوەنیدر