دەبێت هەمووان دەنگبدەن



عەبدولواحید محەمەد – مامۆستا

بە پێی یاسا کارپێکراوەکان، دەبێت هەر چوار ساڵ جارێک پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، ئاشکرایە بە هۆکاری جیاواز و ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسیەکان لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، چەند جارێک لە کاتی دیاریکراو و یاسایی خۆیدا دواخرا، دواجار بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دارێک بە نێوان لایەنەکان داهێنراو ئەوەی دەویسترا، بۆ بەڕێوەچونی پڕۆسەکە جێبەجێکرا، هەرچەندە دوای ئەوەش لایەنی سیاسی هەبوو بۆ زیاتر دواخستنی هەڵبژاردن و گرەوکردن لەسەر زەمەن هەوڵی ئەوەی دەدا هێشتا بە پاساوی جیاجیا پڕۆسەکە دوابخرێت یان هەر نەکرێت، بارودۆخەکە بە ڕاگوزەریەوە بمێنێتەوە، بەڵام دواجار بە هەوڵی هەموو لایەک بڕیاری کۆتایی درا و ٢٠/١٠/٢٠٢٤دیاریکرا.

ئێستا خەریکە ڕێکارەکان بەرەو تەواوبوون دەڕوات، هەمووی دەوروبەری مانگێک ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، لەلایەن خۆمەوە ناوملێناوە هەڵبژاردنێکی ‘چارەنوسساز’ بەو مانایە نا کە ئەوە دواهەڵبژاردنە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەڵام لەبەر دوو هۆکار:

 یەکەمیان، ئەوە یەکەم جارە هەڵبژاردن بە پێی ڕێوشوێنێک بەڕێوەدەچێت کە یاساکەی بە پێی ویستی زۆرینەی لایەنە سیاسیەکان و هاووڵاتییانی هەرێم دیزاین کرابێت، پێچەوانەی بەلای کەم سێ هەڵبژاردنی پێشوو کە لەلایەن یەک لایەنەوە دیزان کرابوو هەر خۆشی کۆنترۆڵی هەمووجومگەکانی بە دەستەوە بوو.

یاسا هەموارکراوەکەی ئێستا هەموو ئەوانەی بە ڕەوا دەزانرێت هەر لە چوار بازنەیی تا دەگاتە ڕێکخستنەوەی کۆتاکان، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، پاککردنەوەی تۆمارەکانی دەنگدان، لە سەروی هەموو ئەوانەشەوە کۆمسیۆنێک پڕۆسەکە بەڕێوە دەبات کە کەمترین گومانی لەلایەن زۆربەی لایەنەکانەوە لەسەرە، دڵنیام پیشەییانە و دادپەروەرانە کۆی کارەکان ئەنجامدەدات.

دووەمیان، زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵکەی کوردستان، لە ئەدای حکومەتی هەرێم بە دیاریکراوی ئەم کابینەیە ناڕازین، هەر لە مامۆستایانەوە تا دەگاتە فەرمانبەران، گەنجان، جوتیاران، کرێکاران، دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و ژنان، بە جۆرێک هەموویان کۆمەڵێک کێشە و ئاڵنگاریان هەیە و خۆیان زۆر بە مەغدور دەزانن، ئەمە لە کاتێکدا سوور دەزانن زۆر زیاتری پێدەکرێت، بەڵام بە مەبەست نایکات و هەموو دەرگاکانی بە ڕوویاندا داخستووە.

تەنها بۆ ئەوانەی وەلائیان هەیە و دەستە و نەزەرن بۆیان لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکاریە ڕیشەییەی بەسەر یاساکەدا هاتووە کە لەپێشدا ئاماژەمان پێدا، هەروەها ئەو هەموو خواستەی چین و توێژەکان، ئەوەمان پێدەڵێت، دەبێ هەمووان دەنگ بدەن، بۆ ئەوەی ڕێڕەوی حکومڕانی ڕاستبکرێتەوە و ئەوەی دەخوازرێت بەرجەستەبێت.

یەکڕاستیش هەیە دەبێت بزانرێت، دەنگدان شەرت و مەرج و بنەمای خۆی هەیە، نابێت بە عاتیفە و وەلائبوون بێت، بۆ ئەوە کۆمەڵێک پرسیار هەیە بۆ هەموو ئەوانەی دەنگدەدەن دەبێت لە خۆیانی بکەن، لە پێشدا دەبێت بزانرێت دەنگی بە چ لایەنێک دەدەن؟

ئایا دەتوانێت ڕێڕەوی حکومڕانی بگۆڕێت؟

ئایا دەتوانێت کێشەی مووچە چارەسەر و بانکە حکومییەکانیش بە نیشتمانی بکات؟

ئایا دەتوانێت باج و خەراج کەمبکاتەوە و فورسەتی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییان بڕەخسێنێت؟

ئایا دەتوانێت هەلی کار بە یەکسانی بۆ دەرچوان لە کەرتی گشتی و تایبەت بە بێ تەزکیەی حیزبی فەراهەم بکات؟

ئایا دەتوانێت کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو دیاری بکات، مەبەستم ئیدارەیەکی تکنۆکراتە؟

ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیار و لێکدانەوەیتر ئینجا دەبی دەنگەکەت بدەی بۆ ئەوەی کاریگەری هەبێت و ئەو گۆڕانگاریانەی دەویسترێت، بکرێت.

بە بڕوای خۆم هێزی حازر و ئامادە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکانە هەیە و مێژوکەی، خەباتەکەی، کاریگەریەکەی، ئەو کار و کردەوانەی لەو دوو ساڵەی رابردوو، لەسەر ئاستی ناوەخۆ و عێراق و دەوروبەر ئەنجامی داوە، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت، کەوایە نابێت هیچ سێ و دووی لێبکرێت ودەبێت دەنگ بەو لایەنە بدرێت، ئەگەر نا دەبێت ڕازی بیت بەو دۆخەی بەسەرت داسەپێنراوە و نابێت ئۆباڵەکەش بخەیتە ملی هیچ کەس و لایەنێکەوە.

یۆنامی داوایەک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەکات
پێت یۆنامی داوایەک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەکات
دەسەڵات و ڕۆشنبیری کورد
دوات دەسەڵات و ڕۆشنبیری کورد
پەیوەندیدار