پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێرەوە دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن و ناساندنی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری پەرلەمانی كوردستان كرد و سەرۆكی ئەو حزبە ڕایگەیاند، بەڵێن دەدەین لەدوای هەڵبژاردن لە خۆمانەوە دەست بە چاكسازی بكەین و وتیشی، “ئەوانەی زمانیان درێژە، دەستیان كورتە”.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامادەبوونی هەردوو جێگرەكەی (نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی) لە وتاری بانگەشەی حزبەكەی ڕایگەیاند، پارتی یەك حزب و یەك بڕیارە و باڵباڵێنی تێدا نییە و ئەوانەی خەونیان بە ناكۆكی ناوخۆی پارتییەوە دەبینی، خەونەكانیان بڕدە ناوگۆڕ.
ڕاشیگەیاند، داوا دەکەم لەم هەڵبژاردنە زۆر لەسەر خۆبن و دوور بن لە تووندتیژی و زمانی زبر و بە هیمەتی پارتییەکان بۆ ڕۆژی 20ـی ئۆکتۆبەر و سەرکەوتنی گەورە بەدەستدەهێنین.
ئاماژەی بەوەشكرد، پارتی باوەڕی ئە ئاشتی و پێكەوەژیان هەیە و قوربانی زۆری داوە بۆ بەدەستهێنانی و وتیشی، “وریابن ڕاتان نەكێشن بۆ شەڕی لابەلا و وەڵامنەدانەوەی هەندێك قسە خۆی وەڵامدانەوەیە”.
داواشی لە كاندیدەكان كرد، “بەڵێنی وانەدەن، كە خۆتان و پارتی توانای جێبەجێ كردنی نەبێت”.
جەختیشی كردەوە، “بەڵێن دەدەین لەدوای هەڵبژاردن لە خۆمانەوە دەست بە چاكسازی بكەین و وتیشی، “ئەوانەی زمانیان درێژە، دەستیان كورتە”.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.
بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ئەمڕۆ چوار شەممە، 25-09-2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کردووە و تاوەکو 15-10-2024 بەردەوام دەبێت.