“پاس و خەرجی و خواردن، بۆ قوتابیانی نابینا و کەمئەندام دابینکراوە”



وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە مەراسیمی دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن لە پەیمانگەیەکی سەر بە وەزارەتەکەی وتی: چەندین قوتابیمان توانییویانە بچنە پەیمانگە و زانکۆ، هەروەها توانییویانە بڕوانامەی ماستەر و دکتۆراش بەدەست بهێنن، هاوکات بۆ بەردەوامی خوێندنیان و دەستگیرۆیی خوێندکاران پاس و پارەی گیرفانمان بۆ دابین کردوون، ئەمساڵ ژەمێکی خواردنیشیان پێ دەدرێت.

 

کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، بۆ دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن، پیرۆزبایی لە قوتابیان و خوێندکارانی هەرێمی کوردستان دەکەم، بەتایبەتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە پەیمانگەکانی ‘ڕوناکی، ئاوات، هیوا و هانا’ کە سەربە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتیین، لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک.

 

وتیشی: لە گەرمیان دوو پەیمانگەی نابینایان و نابیستانمان هەیە بەناوەکانی ‘هیوا و ڕوناکی’، هەروەها لە قەزای کۆیەش دوو پەیمانگەمان بەهەمان ناو هەیە، دەشڵێت: ئەمڕۆ زەنگی ساڵی نوێی خوێندنمان لە پەیمانگەی ڕوناکی نابینایان لە هەولێر لێدا، کە 72 منداڵی نابینا و کەمبینا تێیدا درێژە بە خوێندن دەدەن.

 

وتیشی؛ چەندین قوتابی نابینا و کەمبینامان هەیە توانیویانە پەیمانگە و زانکۆ تەواو بکەن و بڕوانامەی ماستەر و دکتۆراش بەدەست بهێنن، هەروەها منداڵەکانمان لە پەیمانگەی ڕوناکی پرۆگرامی پەروەردە دەخوێنن، کە ساڵی پار 20 منداڵ چوونەتە پەیمانگەی هیوای نابیستان لە هەولێر.

 

وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی جەختی کردەوە، منداڵانی کەمئەندام و بیرکۆڵ و داون، لە پەیمانگەی ئاوات و هانا، ڕاهێنانیان پێدەکرێت و فێری کاری جیاجیا دەکرێن، بۆیە لەم کاینەیەدا لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا توانیومانە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دەست بە خوێندن بکەین، چونکە لە ساڵانی ڕابردوو بەهۆی ڕێکارەکانی گرتنی پاس و دابینکردنی پێداویستییەکان، خوێندن چووەتە مانگی 12 و 1، بەڵام لەماوەی ئەو چوارساڵەدا لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دەستمان بە خوێندن کردووە و پاس و پارەی گیرفانمان بۆ دابین کردوون، بۆ ئەمساڵیش ژەمێک خواردنیشیان پێ دەدرێت.

 

 

زیاتر لە ٢٧ هەزار قوتابی دەچنە پۆلی یەک
پێت زیاتر لە ٢٧ هەزار قوتابی دەچنە پۆلی یەک
مەسرور بارزانی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە
دوات مەسرور بارزانی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە
پەیوەندیدار