سەرۆك کۆماری عێراق پێشوازی لە وەزیری کۆچ و کۆچبەران دەکات و ڕایدەگەیەنێت، دەبێت كۆتایی بە قەیرانی ئاوارەكان بێت و ژیانی شكۆمەندانەیان بۆ دابین بكرێت كاتێك دەگەڕێنەوە.
د.لەتیف جەمال رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق پێشوازیکرد لە ئیڤان فائق جابرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و بەپێیی ڕاگەیەنراوی سەرۆكایەتی كۆمار لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ سێ شەممە 24-9-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، باس لە دۆسێی کەمپی ئاوارەکان کرا.
سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر گرنگی درێژەدان بە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئاوارەکان و وتی، “دەبێت پێداویستییەکانی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ ئاوارەکان دابینبکرێت کاتێك دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان”.
سەرۆك کۆمار ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە پێویستە بەدواداچون بکرێت بۆ ڕەوشی ژیانی ئاوارەکانی ناو کەمپەکان و ئەو ئاوارانەشی گەڕاونەتەوە ناو ماڵوحاڵی خۆیان، تا پێداویستییەکانیان دەستنیشان بکرێت و کاربکرێت بۆ تێپەڕاندنی نەهامەتییەکانیان.
لەلایەن خۆیەوە ئیڤان فائق جابرۆ رەوشی ئاوارەکانی لە وڵاتدا ڕوونکردەوە و پلانەکانی وەزارەتی بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان خستەڕو، هەروەها پشتیوانی و بایەخپێدانی سەرۆك کۆماری بەم دۆسیە مرۆییە بەرزنرخاند.