یەكێتی پەیامێكی سەبارەت بە ڕیفراندۆم بڵاوكردەوە



مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە، كە لە 25ی ئەیلوولی 2017 ئەنجام درا و ڕایگەیاند، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە خەباتی بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووس كردووە و دەڵێت: لە دۆخێكی باشتری تەبایی و یەكڕیزی ناوخۆییدا، پەیڕەوی كرابا.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، دەبوایە لە ریفراندۆمی 25/9/2017یشدا، بە ڕەچاوكردنی هاوسەنگی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، بە خوێندنەوەی وردی هەلومەرجی وڵات و بە هەماهەنگی لەگەڵ دۆستانی گەلەكەمان كە ئامۆژگاری و پێشنیازی دۆستانەیان كردین لە دۆخێكی باشتری تەبایی و یەكڕیزی ناوخۆییدا، پەیڕەوی كرابا، بۆ ئەوەی لە دەرئەنجامە باش و خراپەكانیشدا هەمووان پێكەوە شانیان دابایە بەر بەرپرسیارێتی و ئەركەكان.

ڕاشیگەیاندووە، بە داخەوە دەرئەنجامەكانی ڕیفراندۆم وا نەكەوتەوە كە هیوای سەربەخۆیی كوردستان بەدیبهبێنێت.

پەیامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەربارەی ساڵرۆژی ریفراندۆم:
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

لای هەمووان ئاشكرایە كە مافی ریفراندۆم و بڕیاردان لە چارەنووسی سیاسی گەلەكەمان خۆی لە خۆیدا، بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەكانی پەیوەست بە دیاریكردنی چارەنووسی گەلان، مافێكی رەوا و دیموكراتییە، و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش كە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە خەباتی بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووس كردووە و لەم پێناوەدا هەزاران شەهید و قوربانی داوە، وەك پرەنسیبی نەگۆڕی خۆی لەگەڵ رەخساندنی هەلومەرجی دروست و گونجاو بووە بۆ پیادەكرنی ئەو بژاردە دیموكراسی و نیشتمانییە، كە دەبوایە لە ریفراندۆمی 25/9/2017یشدا، بە ڕەچاوكردنی هاوسەنگی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، بە خوێندنەوەی وردی هەلومەرجی وڵات و بە هەماهەنگی لەگەڵ دۆستانی گەلەكەمان كە ئامۆژگاری و پێشنیازی دۆستانەیان كردین لە دۆخێكی باشتری تەبایی و یەكڕیزی ناوخۆییدا، پەیڕەوی كرابا، بۆ ئەوەی لە دەرئەنجامە باش و خراپەكانیشدا هەمووان پێكەوە شانیان دابایە بەر بەرپرسیارێتی و ئەركەكان.
بە داخەوە دەرئەنجامەكانی ریفراندۆم وا نەكەوتەوە كە هیوای سەربەخۆیی كوردستان بەدیبهبێنێت.

جا لەجیاتی ئەوەی سەركردایەتی ئەوسای ریفراندۆم، بە تایبەتیش باڵی سەركردایەتی خۆسەپێن و قۆرخكاری ناو پارتی، شان بداتە بەر ئەركەكانی چارەسەركردنی لێكەوتەكان و ساڕێژی برینەكانی دوای شكست، كەچی بە خیتابی ناڕەوا و نا بەرپرسانەی تەخوین و درز خستنە ریزەكانی گەلەوە، مامەڵەیان لەگەڵ دەرئەنجامە چاوەڕوانكراو و نەخوازراوەكانی پرۆسەی ریفراندۆمدا كرد، بە جۆرێك لە جێبەجێكردنی بەڵێنی سەربەخۆیی پاشگەزبوونەوە و پرۆسەی ریفراندۆمیان كردە دەسكەلای موزایەدەی ناوخۆیی و بە كردەوەش خاكی كوردستانیان، لە ناوچە دابڕاوەكان، بۆ قەدەری كەینوبەینی ژێربەژێر و موساوەمەی نابەرپرسانە بەجێهێشت ، بەتایبەت كە ئەوكات جومگە سەرەكییەكانی حكومڕانیان بە دەست بوو، بۆیە لە ئاستی دەرەوە دەستیاندا بە خۆچەماندنەوە و سڕكردنی ئاكامی ریفراندۆمەكە و پاڕانەوە و پێشكەشكردنی سازش لەسەر سازش، لە ئاستی ناوخۆشدا شانازی درۆزنانەی بە ریفراندۆمێكی بێ ئاكامیان ،كردە گوتارێكی سیاسیی هەرزان، بێ گوێدانە دەرئەنجامە خراپەكانی دواتر لە كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان. هەر ئەو كاتەش یەكێتی و هێزی پێشمەرگەی یەكێتی ئازایانە لە مەیدانی نەبەردیدا شەهید و قوربانیان بەخشی و بۆ پاراستنی خەڵكەكەشمان بەدیدێكی دوورمەودای نەتەوەییانە ڕێی مانەوە و خۆڕاگری بەرپرسانەیان گرتەبەر، لە كاتێكدا لایەنی تر لە كۆڕی رووبەرووبونەوەدا هەڵهاتن و لە سەكۆی هاشوهوشی ئیعلامیشدا تۆزی شكستیان بە تەخوین و تۆمەتباركردنی هێزە نیشتمانییەكان داپۆشی و نەیانهێشت هەلومەرجی هەڵسەنگاندنێكی دروست و بابەتی بۆ پرۆسەكە بێتە كایەوە تاوەكو كەمتەرخەم و لایەنی بەرپرس لە شكستەكەی ریفراندۆم و بەدواهاتووەكانی لە ئۆكتۆبەری هەمان ساڵدا، دەستنیشان بكرێت.

خوشك و برایانی خۆشەویست
سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بیرەوەری حەوت ساڵەی دەرئەنجامی ریفراندۆمدا كە هاوكاتە لەگەڵ وادەی موژدەبەخشی هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان، پشت بەستوو بە هۆشیاری گەلەكەمان و ویستی ڕاستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی و بەرپەرچدانەوەی چەوتی و قۆرخكاری لە سیاسەت و ئیدارەدا، كۆششی گەورە بۆ پێچانەوەی دۆخی دژواری رابردوو دەكات و ئومێدی زۆری بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان هەیە كە سزای سیاسەتی سەركێشانە و پاوانخوازی و بێ پەروایی بدەن و چانسی نوێ بخەنە بەردەم گەلەكەمان تا حكومڕانییەكی بەرپرس و لێوەشاوەتر بێتە كایەوە و جارێكی تر، وەك سەردەمی زێڕینی سەرۆك مام جەلال، سیاسەتی ژیرانەی یەكێتی و دەربەستییە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی، پێكەوە لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادیدا، بڕیاری دروست لەسەر ئایندەی كوردستان بدات، بە جۆرێك لەسەر دوو پایەی پتەوی باشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك و پێداگری لەسەر ویستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و بەگوێرەی ئیستحقاقی دەستووریی خۆمان، پەیوەندییەكی هاوسەنگ و تەندروست لەگەڵ بەغدا بێنێتەكایەوە. دوور لە خیتابی هەڕەشە وگوڕەشەی بێبنەمای سەردەمی ئاهەنگسازی ریفراندۆم و دوور لە خیتابی چەمانەوەیان دوای لێكەوتە شەرمەزارییەكانی راكردنیان لە هەموو بەرەكانی رووبەرووبوونەوە لە ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 دا.

كوردستانیانی خۆشەویست
بۆ پێشەوە بەرەو ڕاستكردنەوەی رێڕەو و گرتنەوە دەستی جارەنووسی گەلەكەمان بە گوێرەی ستراتیژێكی كوردستانیانەی ڕاستەقینە، دژ بە هەرزان فرۆشی و پشت بەستن بە هێز و ئەجیندای گوماناوی ئیقلیمی.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

پێشەوا هەورامانی باسی دابەشكردنی مووچە دەكات
پێت پێشەوا هەورامانی باسی دابەشكردنی مووچە دەكات
پێشمەرگە: هەر جۆرە توندوتیژیەكی سێكسی قەدەغەكراوە
دوات پێشمەرگە: هەر جۆرە توندوتیژیەكی سێكسی قەدەغەكراوە
پەیوەنیدر