پێشمەرگە: هەر جۆرە توندوتیژیەكی سێكسی قەدەغەكراوە



وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پارێزگاری لە مافەمانی مرۆڤ جەختدەكاتەوە، توندوتیژی سێكسی لە ململانێی چەكداریدا لەوانەیە ببێتە تاوانی نێودەوڵەتی و تاوانی جەنگ و تاوانی دژی بە مرۆڤایەتی و جینۆساید، ئەمەش لێپرسینەوەو ناوزڕاندنی بەدواوە دەبێت.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پێشمەرگە پاڕێزەری مافەكانی مرۆڤە و بڕیار و فەرمانی ڕاشكاوانە دەركراوە بۆ قەدەغەكردنی هەر جۆرە توندوتیژیەكی سێكسی دژی هاووڵاتیانی مەدەنی لە كاتی ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێك، بەتایبەتی دژی ژنان و كچان.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
پێشمەرگە پاڕێزەری مافەكانی مرۆڤە
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ‌، وەك چۆن هەمیشە داكۆكیكاری یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ و بەها مرۆڤایەتیەكان بووە لەمەودواش درێژە بەم سیاسەت و مەبدەئەی دەدات و بەردەوام دەبێت بەتایبەتی ڕێزگرتن لە مافەكانی ئافرەتان و ژنان و زیاتریش لەكاتی ململانێ و شەڕو ئۆپەراسیۆنەكاندا هەوڵدەدات كەسایەتی و كەرامەت و جەستەی خانمان پارێزراو بن، لەمبارەیەوە :
1. لەسەر‌ ئاستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان بڕیار و فەرمانی راشكاوانە دەركراوە بۆ قەدەغەكردنی هەر جۆرە توندوتیژیەكی سێكسی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لە كاتی ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێك، بەتایبەتی دژی ژنان و كچان.
2. لە بڕیارو فەرمانەكاندا ئاماژە بەوە دراوە، كە توندوتیژی سێكسی لە ململانێی چەكداریدا لەوانەیە ببێتە تاوانی نێودەوڵەتی و تاوانی جەنگ و تاوانی دژی بە مرۆڤایەتی و جینۆساید، ئەمەش لێپرسینەوەو ناوزڕاندنی بەدواوە دەبێت.
3. وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتیدەكاتەوە، كە بەردەوامی بە كەلتوری مرۆڤدۆستی خۆمان دەدەین و هەوڵدەدەین بۆ پاراستنی خەڵكی مەدەنی و ئافرەتان و منداڵان و پێكهاتەكان و پاراستنی كەرامەت و بەرزڕاگرتنی مافەكانی مرۆڤ و بەها مرۆڤایەتیەكان.
سەبارەت بە ماددە یاساییە پەیوەندیدارەكان لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیدا دووپات لە پابەندێتی دەكرێتەوە بەو ماددە و بڕگە سەرەكیانەی كه خاڵی سەرەكی جێبەجێ كردنی یاسای مرۆیی و مافەكانی مرۆڤن:
* ڕێككەوتننامەی یەكەمی جنێڤ (بریندار و نەخۆش) ، دووەم (بریندار، نەخۆش و نوقم بوو لە دەریادا) ، سێیەم (دیلەكانی جەنگ)، مادەی هاوبەشی 12.
* ئافرەتان بەهۆی ڕەگەزیانەوە پێویستە بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.
* ڕێككەوتننامەی چوارەمی جنێڤ (پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی) و (ماددەی 27) و (ماددەی 76 ) لە پرۆتۆكۆڵی زیادكراوی یەكەم ( قوربانیانی ململانێ نێودەوڵەتییەكان).
* قەدەغەكردنی دەستدرێژی سێكسی و لەشفرۆشی زۆرەملێ یان هەر جۆرە دەستدرێژییەكی ناشایستە.
* پرۆتۆكۆڵی زیادكراوی دووەم (قوربانیانی ململانێ نانێودەوڵەتی) مادەی چوارەم (2) (ا) (ب).
* قەدەغەكردنی هێڕشكردنە سەر كەرامەتی كەسی، بەتایبەتی مامەڵەی سوكایەتی پێكردن و دەستدرێژیكردنە سەر.
* رێككەوتننامەكانی جنێڤ-ی یەكەم و دووەم و سێیەم و چوارەم و مادەی سێیەمی هاوبەش.
* قەدەغەكردنی هێڕشكردنە سەر ژیان و جەستە، بەتایبەتی كوشتن بە هەموو شێوەكانییەوە، شێواندن، مامەڵەی دڕندانە و ئەشكەنجەدان، هەروەها هێڕشكردنە سەر كەرامەتی كەسی، بەتایبەتی مامەڵەی سوكایەتی و ئەتككردن.
سەبارەت بەم مادەو بڕگە یاسایی و مرۆییانە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە بڕیارو فەرمانی ڕوونی بۆ پابەند بوون بەم خاڵە سەرەكیانەوە دەركردووەو هەر جۆرە توندوتیژییەكی سێكسی قەدەغەكردووە لە كاتی ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێكدا.
هەر لە چوارچێوەی بایەخدانی وەزارەتی پێشمەرگە بەم بابەتە:
1. وەزارەتی پێشمەرگه بەردەوام دەبێت لەسەر جێبەجێ كردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەتایبەت بڕیاری مێژوویی ژمارە (١٨٢٠) لە (١٩ی حوزەیرانی ٢٠٠٨) كە توندوتیژی سێكسی و پاراستنی ژنان و منداڵان وەك بابەتێكی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەناسێنێت، بڕیاری ژمارە (٢٤٦٧)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی ( ٢٠١٩) و هەروها بڕیاری (1325).
2. لە دیوانی وەزارەت یەكەی تایبەتی بەكاروباری ئافرەتان دروستكردووە بەتایبەتی بۆ هەماهەنگی كردن لە جێبەجێ كردنی بڕیار و ماددە یاساكاییەنی پەیوەست بە مافی ژنان و پاراستنیان لەكاتی شەڕو ئۆپەراسیۆنەكاندا.
3. لە ‌بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی رێنمایی و هەڵمەتی هۆشیاری بەردەوام دەبێت‌ لەبارەی ئەم یاسایانەوە بۆ سەرجەم ئەندامانی هێزەكانی پێشمەرگه.
4. وەزارەتی پێشمەرگە بابەتی توندوتیژی سێكسی و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و مافەكانی مرۆڤی لە ململانێ سەربازییەكاندا تێكەڵی وانەكانی خولەكانی مەشق و راهێنان دەكات.
5. وەزارەتی پێشمەرگە هەماهەنگی و چالاكی هاوبەش و بەردەوامی لەگەڵ كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە هەرێمی كوردستان هەیه و ئێستاش زنجیرە سمینارەكانی خاچی سوور لەناو یەكەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە.
6. وەزارەتی پێشمەرگە بە پەرۆشیەوە پێشوازی لە رێكخراوە پەیوەندیارە ناوخۆیی و دەرەكیەكان بە یاساو رێساكانی جەنگ و مافەكانی مرۆڤ كردووە و بە خۆشحاڵیەوە خول و سمیناری لەناو هێزەكانی پێشمەرگە بۆ رێكخستوون؛ نمونەی ( رێكخراوی قورتوبە بۆ ئاشتی – میسری) و (رێكخراوی‌ (aooو (جنێفە كۆڵ) و (رێكخراوی ناوەندی كوردستان بۆ یاسای مافی مرۆیی نێودەوڵەتی).
7. لەو‌ كۆڕو سمینارو خولە پەیوەندیدارانەی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێن، دوای ئاگاداركردنەوە، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە ئامادە دەبن و زانیاری و پەیامەكان دەگەیەنن و پەخش دەكرێت.
8. لە میدیای فەرمی وەزارەتی پێشمەرگه ‌(پێگەكانی سۆشیال میدیا – گۆڤاری پێشمەرگە) بایەخی تایبەتی بە بابەت و هەواڵ و رووماڵی چالاكیەكانی ئەم بوارە دەدرێت.
وەزارەتی پێشمەرگە
٢٤ی ئەیلولی ٢٠٢٤

یەكێتی پەیامێكی سەبارەت بە ڕیفراندۆم بڵاوكردەوە
پێت یەكێتی پەیامێكی سەبارەت بە ڕیفراندۆم بڵاوكردەوە
ئەردۆغان: داوا لە وڵاتان دەكەم دان بە دەوڵەتی فەلەستین بنێن
دوات ئەردۆغان: داوا لە وڵاتان دەكەم دان بە دەوڵەتی فەلەستین بنێن
پەیوەندیدار