كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر ئاشكرای دەكات، كە ژمارەیەك مامۆستای ئایینی بە گەشت دەبەن بۆ ئەمریكا بە مەبەستی بەشداری كردن لە پرۆگرامێکی ئاڵوگۆڕی کەلتووری.
كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر بڵاویكردەوە، ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتی لەگەڵ گروپێک لە پێش نوێژ و وتارخوێنانی ئایینی کۆبووەوە، کە بۆ بەشداریکردن لە پرۆگرامێکی ئاڵوگۆڕی کەلتووری گەشت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا دەکەن.
ڕوونیشی كردۆتەوە، لەمیانەی پڕۆگرامەکەدا، مامۆستا ئایینییەکان بە مەبەستی ئاشنابوونی زیاتر بە لێبووردەیی ئایینی و ڕۆڵی سەرکردە ئایینییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەویدا، سەردانی نووسینگەکانی حکومەت و ڕێکخراوە ناحکومییەکان و دەزگا ئایینییەکان دەکەن.
ئاشكراشی كردووە، شاندەكەی مامۆستایانی ئایینی بۆ دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی سەردانی جڤاتی ئایینە جیاوازەکان دەکەن.