سبەینێ چوارشەممە وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەست پێدەکات و ڕۆژی 15ی تشرینی یەکەم کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمسیاران ئەمڕۆ کۆبووەتەوە و لیستی کاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کردووە، کە ژمارەیان 1190 کەسە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمسیاران، سبەینێ چوارشەممە، 25-09-2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەست پێدەکات و تاوەکوو 15-10-2024 بەردەوام دەبێت.
سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەشی خستە ڕوو، کۆمسیۆن هەنگاوی گەورەی بڕیوە لە جێبەجێکردنی خشتەی کارەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە 20-10-2024 بکرێت.