تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، لەسەرەتای مانگی تەمووزە وە ڕۆژانە لە ڕێگای (15) تیمەوە هەڵمەتی پرژاندنی دەرمانی دژەمێرووەكان لەپارێزگای سلێمانی بەردەوامی هەیە .
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی، هەڵمەتێكی فراوانی دەرمان ڕشتنی دژەمێروو بەڕێوەدەچێت، كە تیایدا تیمەكانی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشیە گوازراوەكان بەردەوامن لە پرژاندنی دەرمانی شەبەنگ فراوانی دژە مێروو لە دامودەزگا و شوێنە گشتی و شوێنە خزمەتگوزاریەكان و قوتابخانەکاندا لەناو شاری سلێمانی و سێكتەرەكانی دەرەوەی شاردا كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانین.
ئاماژەی بەوەکرد، ئەم هەڵمەتە لە سەرەتای مانگی تەمموزی ئەمساڵ دەستیپێکردووە و بڕیارە تا کۆتایی مانگی دە بخایەنێت، لەم هەڵمەتەدا ٩ تیمی بەیانیان و ٦ تیمی ئێواران بەشدارن کە سەر بە بەرنامەی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیە گوازراوەکانن لە سەنتەری شاری سلێمانی و قەزاکانی دەوروبەری کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانین.
ئەوەشی خستەڕوو، ئامانج لەم هەڵمەتە پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیانە لەو نەخۆشیانەی كە لە ڕێگای گوێزەرەوەی نەخۆشیەكانی وەك مێش و مێشولە و قرتێنەرەكان و مێرووەكانەوە دەگوێزرێنەوە بۆ مرۆڤ.
لە ماوەی ئەم هەڵمەتەدا زیاتر لە ٥٨٠ شوێن لە دەزگا حکومی و بەڕێوەبەرایتیەکان و نەخۆشخانە ومەڵبەندە تەندروستیەکان و قوتابخانەکان و هەروەها شوێنی کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاك بە دەرمانی دژە مێروو پرژێنراون.