پارێزگاری سلێمانی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، باسمان لە بانگەشەی هەڵبژاردن و ئابڵۆقەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرد.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم کۆبوونەوە و چەندین پرسی گرنگی تایبەت بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان تاووتوێ کران.
لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، سبەینێ بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات، بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانمان ڕاگەیاند، “کە نابێت بهێڵین هەڵمەتی هەڵبژاردن لەت و پەرتمان بکات”.
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، داوامانکرد کە ئابڵۆقەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هەڵبگیرێت، بۆئەوەی بتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، لەگەڵ ئەوەشدا گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ تورکیا بکات بۆ بۆردوومانەکانی سەر هەرێمی کوردستان کە زیانێکی بەرچاوی بە خەڵکی ناوچەکە گەیاندووە.