سەرکردەکانی جیهان پەیوەست بە پرسەکانی شەڕ و ئاشتی، کۆدەبنەوە



کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ سێشەممە لە نیویۆرک دەست پێدەکات، ئەم دانیشتنە سێبەری ترسی فراوانبوونی ململانێکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەرە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو هەڵمەتانەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ئیسرائیل بۆسەر ئامانجەکانی حزبوڵڵا لە چەند ناوچەیەک لە لوبنان ئەنجامیدان و بووە هۆی کوشت و برێکی زۆر.

 

ئاژانسی فرانس ٢٤ بڵاویکردووەتەوە؛ فراوانبوونی ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەرێکە کە زاڵە بەسەر ئەم خولەی کۆبوونەوەکان لە نەتەوەیەکگرتووەکان، کە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ دواجار بەشداری تێدا دەکات.

 

ڕیچارد غوان لە گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان وتوویەتی: ئەمساڵ گرنگی بە پرسەکانی شەڕ و ئاشتی دەدرێت، بەتایبەتی لە غەززە، ئۆکراین و سودان.

 

نزیکەی ساڵێک دوای دەستپێکردنی شەڕ لە کەرتی غەززە پاش هێرشەکانی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بۆ سەر ئیسرائیل، ترسی ئەوە هەیە کە شەڕەکە هەموو ناوچەکە بگرێتەوە.

 

سەدان هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانی حزبوڵڵا لە چەند ناوچەیەکی لوبنان ڕۆژی دووشەممە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٤٩٢ کەس کە ٣٥ کەسیان منداڵ بوون، بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی لوبنان، بە قورسترین بۆردومانی ئاسمانی وڵاتەکەیان کراوەتە ئامانج .

 

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا دژایەتی لەشکرکێشی زەمینی بۆ سەر لوبنان دەکات و لەم هەفتەیەدا “بیرۆکە پیشنیارێک” پێشکەش بە هاوبەشەکانی دەکات لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەمکردنەوەی توندی ئەو بارگرژی و ململانێیانەی هاتوونەتە ئارا.

 

لای خۆیەوە مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، کە وڵاتەکەی پشتیوانی لە حزبوڵڵا و حەماس دەکات، یەکەم وتاری لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش دەکات، ناوبراو ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵی “فراوانکردنی” ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات.

 

لە بەرامبەردا جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، هۆشداریدا لەوەی، پەرەسەندنی ململانێی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەباتە ناو “جەنگێکی سەرتاسەرییەوە”.

ئەم وتەیەی بۆرێل لەکاتێکدایە، کە فەرەنسا داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد لەم هەفتەیەدا بۆ تاوتوێی دۆخی لوبنان.

 

لەلایەکی دیکەوە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆک کۆماری ئۆکراین بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە لەبەردەم ئەنجوومەنەکەدا قسە بکات و داوا لە “هەموو وڵاتان بکات بەردەوام بن لە پاڵپشتیکردنی هەوڵە هاوبەشەکانیان”.

 

زێلێنسکی، کە “پلانی سەرکەوتن” پێشکەش بە بایدن و کۆنگرێس دەکات کە کیێڤ ئامادەی کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی دوو ساڵ و نیوی نێوان وڵاتەکەی و مۆسکۆ، ئاماژەی بەوەکردووە، ڤلادیمێر سەرۆکی ڕووسیا “پۆتین دزی  و دەستدرێژی زۆری کردووە، بەڵام… داهاتووی جیهان نادزێت”.

 

لە دیارترین ئەو سەرکردانەی کە بەشداری کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆک کۆماری بەڕازیل و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، مەحمود عەباسی سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل .

 

بە وتەی ڕیچارد غوان، ئەگەری گفتوگۆکردنی دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوا و عەرەبی لەگەڵ ئێرانییەکان لە ئارادایە “بۆ ئەوەی دۆخی ناوچەکە لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت”.

 

لای خۆشییەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند “ئاشتی لە هەموو لایەکەوە هێرشی دەکرێتە سەر” با کۆتایی بەو کارەساتانە بهێنرێت کە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبمەوە.

 

هاوکات لویس شاربۆنۆ لە ڕێکخراوی ناحکومی هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت: “پێویستە سەرکردەکانی جیهان لە کاتی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پابەندبن بە گرتنەبەری هەنگاوی بوێرانە بۆ کۆتاییهێنان بەو دەرەنجامە ماڵوێرانکەرانەی لە جیهاندا ئەنجامدراون و ڕوو دەدەن پێویستە لێپرسینەوە لە بەرپرسیارەکان بکرێت.

 

سەرچاوە/فرانس پرێس

داوای جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ١٧٠١ی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکرێت
پێت داوای جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ١٧٠١ی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکرێت
کاسبکاران گردبوونە ئەنجامدەدەن
دوات کاسبکاران گردبوونە ئەنجامدەدەن
پەیوەندیدار