یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، چاوەڕێین سبەی دارایی بەغدا بۆ پارەی کورتهێنانی مووچە بڕیار بدات، کە پارە هات لیستی مووچە ئامادەیە و ڕادەگەیەنرێ.
رێباز حەملان، یاردەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندووە، ئەو پارەی لە بەردەست حکومەتی هەرێمی کوردستانە بەشی دابەشکردنی مووچە ناکات، چونكە زیاتر لە 240 ملیار دینار کورتهێنان بۆ دابەشکردنی مووچە هەیە.
ڕاشیگەیاند، ئەگەر بەغداد پارەی دیکە بنێرێت لیستی مووچە ئامادەیە و سبەی لیستی مووچە ڕادەگەیەنرێت.
ئاشكراشی كرد، پێویستمان بە نزیکەی یەک ترلیۆن دینارە بۆ دابەشکردنی مووچە.
رێباز حەملان دڵنیایی دایە فەرمانبەران، كە “تا کۆتایی ئەمساڵ کێشەی مووچە نامێنێت و مووچەی هیچ مانگێکی ئەمساڵ نافەوتێت”.
وتيشى، “وەزارەتى دارایی لیستى مووچەى مانگى هەشتى ئامادەکردووە و دوای دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت، مووچەی مانگی نۆ دابەشدەکرێت”.