عەلی قەرەداغی داوای یەکڕیزی و بەجێ نەھێشتنی لوبنان و غەززە دەکات



سەرۆکی یەکێتیی جیھانی زانایانی موسڵمان، عەلی قەرەداغی: “ئەوەی لە شەریعەتدا داواکراوە، ئەوەیە کە ھەمووان دژبە پڕۆژەی زایۆنی لە هەر وڵاتێکدا، یەکگرتووبن”.

سەرۆکی یەکێتیی جیھانی زانایانی موسڵمان، عەلی قەرەداغی ڕایگەیاند، پێویستە لوبنان و غەززە وەک “نێچیرێک” بۆ ئیسرائیل، بەجێ نەهێڵدرێن و داوای کرد کە ھەمووان یەکریزبن دژبەو کارەی کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھو و دارودەستە توندئاژۆکانی ئەنجامی دەدەن.

ئەمەش دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ دووشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک ھێرشیان کردە سەر ژمارەیەک ناوچەی باشوور و ڕۆژھەڵاتی لوبنان و لە ئاکامدا، زیاتر لە 170 کەس کوژراون و زیاتر لە 700 کەسی دیکەش برینداربوون.

عەلی قەرەداغی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: “ئەوەی ئەمڕۆ لە لوبنان ڕوودەدات کە بەھۆیەوە خانووی ھاووڵاتییان ڕووخاوە و خەڵکی زۆری مەدەنی کوژراون، دەستدرێژییەکی ترسناکانە و بێ شەرمە”.

ڕاشیگەیاندووە: “ئەوەش بەشێکە لە سیاسەتی ناتانیاھو و دارودەستە ڕاستڕاوە توندئاژۆکانی بۆ فراوانکردنی ئیسرائیل لە قودس، کەناری ڕۆژئاوا، غەززە و بەشێک لە خاکی لوبنان و ئوردن دەگرێتەوە”.

باسی لەوەش کردووە: “ناکۆکی ئێمە لەگەڵ سیاسەتی ھەندێک لایەنی لوبنان یان فەڵەستین، مافی ئەوەمان پێنادات کە پاڵپشتی لە ھەر دەستدرێژییەک بکەین کە گەلان بکاتە ئامانج، ھەروەھا  نابێت بە ھێرشکردنە سەر گەلانی لوبنان و فەڵەستین لەژێر ھیچ بیانوویەکدا، دڵخۆش بین”.

ئەوەشی خستووەتەڕوو: “بۆ ئێمە دروست نییە کە لوبنان یان غەززە وەک نێچیرێکی ئاسان بۆ ئامانجکردن و دابەشبوون ، لە پێناو ناکۆکیی تائیفی یان سیاسیدا بەجێبھێڵین، چونکە دوژمن لە لە جینۆسایدکردنی موسڵمانان، و ھەرکەسێک لەگەڵیان نەبێت دژی جوولەکە بێت، جیاوازی ناکات”.

ھەروەھا سەرۆکی یەکێتیی جیھانی زانایانی موسڵمان، عەلی قەرەداغی ڕاشیگەیاندووە : “ئەوەی لە شەریعەتدا داواکراوە، ئەوەیە کە ھەمووان دژبە پڕۆژەی زایۆنی لە وڵاتێکدا، یەکگرتووبن”.

داوایشی کردووە کە لووتکەیەکی عەرەبی ئیسلامی بەپەلە بۆ تاوتوێكردنی دەستدرێژییەکانی زایۆنی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان، ئەنجام بدرێت.

عەلی قەرەداغی ئاماژەی بەوەشداوە: “عەرەب و موسڵمانان، کارتێکی زۆریان ھەیە کە دەتوانن بۆ وەستاندنی دەستدرێژییەکانی زایۆنی بۆ سەر غەززە و لوبنان بەکاری بھێنن، لەوانەڕاگەیاندنی بڕینی نەوت و غاز، پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ قەوارەی زایۆنی”.

بەلەمێکی کۆچبەران نقومبوو و ژمارەیەک کۆچبەر خنکان
پێت بەلەمێکی کۆچبەران نقومبوو و ژمارەیەک کۆچبەر خنکان
کێشەی پارەی گەنمی جوتیاران لە سلێمانی و هەڵەبجە چارەسەرکرا
دوات کێشەی پارەی گەنمی جوتیاران لە سلێمانی و هەڵەبجە چارەسەرکرا
پەیوەندیدار