“سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی دادپەروەرترین سیستەمە لە هەڵبژاردن”



کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سیستەمی دابەشکردنی کورسییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەسەند کرد.

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی لە هەرێم، دکتۆر ئارام نەجمەدین برادۆستی لە دیمانەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەوەی لەم سیستەمە هەیە دووپاتکردنەوەی هاوکێشەی نوێنەرایەتی ڕێژەییە و سیستەمەکە کۆکە لەگەڵ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، دکتۆر ئارام نەجمەدین برادۆستی لە دیمانەیەکدا باس لەوە دەکات، ئەم سیستەمە کۆکە لەگەڵ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەر سیستەمێک کە دەردەچێت بە تایبەتی لە بابەتی دابەشکردنی کورسییەکان یان بانگەشەی هەڵبژاردن و ئەم بابەتانە تەنانەت پڕۆسەی لەیەکجیاکردنەوە و هەژمارکردنی دەنگەکانیش، دەبێت کۆک بێت لەگەڵ دوو یاسا، یاسای پەرلەمانی کوردستان و یاسای کۆمیسیۆنی عێراق، بۆیە ئەوەی کە لە یاساکە هەیە، هەروەها ئەو هاوکێشەی کە هەیە نوێنەرایەتی ڕێژەییە.

دکتۆر ئارام برادۆستی وتیشی، لەم سیستەمەدا دەنگی دروستی هەموو پارتە سیاسییەکان کۆدەکرێتەوە و، دابەشی کورسییەکانی بازنەی هەڵبژاردن دەکرێت بۆ نموونە لە هەولێر ٣٢ کورسی گشتی هەیە، هەموو دەنگەکان دابەشی سەر ئەو ژمارەیە دەکرێت و تێکڕای هەڵبژاردن وەردەگیرێت، لە قۆناغی دووەمدا دەبێت بزانرێت هەر پارتێکی سیاسیی چەند کورسی بەردەکەوێت بەوەی دەنگی دروستی هەر پارتێکی سیاسیی دابەشی تێکڕای هەڵبژاردن دەکرێت و بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو پارتە سیاسییە کورسی بەدەست دەهێنێت یان نا.

لەبارەی چۆنیەتی دیارییکردنی کورسیی بۆ پارت و کاندیدە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن، دکتۆر ئارام برادۆستی وتی، “بەشێوەیەکی گشتی هەر هاوپەیمانییەک، پارتێک و کاندیدێکی سەربەخۆ کە دەنگەکانی لە تێکڕای هەڵبژاردن زیاتر بێت ئەوا کورسی پەرلەمانیی بەدەست دەهێنێت، بەڵام هەر کامێکیان دەنگەکانی نەگاتە تێکڕای هەڵبژاردن، ئەوا لە قۆناغی یەکەم دوور دەکەوێتەوە و ناتوانێت کورسی بەدەستبهێنێت، هەروەها کاتێک لە قۆناغی یەکەم بەپێی تێکڕای هەڵبژاردن کورسییەکان دابەشکرا ئینجا چەند کەسێک دەمێنێتەوە ئەمە پێی دەوترێت کورسی ماوە، بەشێکی دیکەی ئەم سیستەمە ئەوەیە کە دەڵێت ئەم کورسیانە بەپێی زۆرترین ماوە دابەش دەکرێت بەسەر پارتە سیاسییەکان و کاندیدەکان، ئینجا ئەمانە پێشتر کورسییان هێنابێت یان نا، ئەگەر باقییەکەی لەوانی دیکە زیاتر بوو، ئەوا کورسی نابات، بە هەمانشێوە ئەگەر کاندیدێکی سەربەخۆ باقییەکەی زیاتر بوو لە هاوپەیمانی و پارتە سیاسییەکان، ئەوا ئەو کاندیدە کورسییەک دەبات، بەڵام ئەگەر باقییەکەی کەمتر بوو، ئەوا کورسی نابات، ئەمە سەبارەت بە دابەشکردنەکە.

لەبارەی ئەوەی کە ئەگەر کاندیدێکی سەربەخۆ زیاتر لەو دەنگەی هێنا کە بۆ کورسییەکی پەرلەمانیی دیارییکراوە و، چارەنووسی دەنگەکانی دیکە چی بەسەر دێت، دکتۆر ئارام برادۆستی ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر کاندیدێکی سەربەخۆ دەنگی لە تێکڕای هەڵبژاردن زیاتر بوو ئەوا کورسییەک دەبات و، باقییەکە دەفەوتێت و کەس ناتوانێت سوودی لێ وەربگرێت، بۆ نموونە ئەگەر تێکڕای هەڵبژاردن ١٣ هەزار دەنگ بوو، کاندیدێکی سەربەخۆ ١٨هەزار دەنگی هێنابوو، ئەوا لەم حاڵەتە ئەو پێنج هەزار دەنگەی کە وەک باقی ماوەتەوە، دەسووتێت”.

دکتۆر ئارام برادۆستی ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەم سیستەمە جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ سیستەمی سانتلیگۆ و سیستەمی زۆرینەی جیاواز، جەختی لەوەشکردەوە کە لەهەر حاڵەتێکدا کاندیدی سەربەخۆ دوای بەدەستهێنانی کورسییەک، ئەوا دەنگی ماوەی دەسووتێت و کەس ناتوانێت سوودی لێ وەربگرێت.

شاندی هەرێم لیستی مووچەی بردووەتە بەغدا
پێت شاندی هەرێم لیستی مووچەی بردووەتە بەغدا
سودانی: پابەندین بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
دوات سودانی: پابەندین بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
پەیوەندیدار