خومەینی….. لەمەنفاوە تا “ئایەتوڵڵا”



رێکەوت لەگەڵ ٢٤ی ئەیلول دا، ١٢٢ ساڵ بەسەر لەدایکبوونی ئایەتوڵڵا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران تێدەپەڕێت.

 

بەپێی ئینسایکلۆپیدیای بەریتانی؛ ئایەتوڵڵا ڕوحوڵڵا موسەوی خومەینی لە ٢٤ی ئەیلوولی ١٩٠٢ لە شاری (خومەین)ی ئێران لەدایک بووە و لە ٣/٦ی ساڵی ١٩٨٩ لە تارانی پایتەختی ئێران کۆچی دوایی کردووە.

خومەینی یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ئایینی شیعە بوو، سەرکردایەتی ئەو شۆڕشەی کرد کە لە ساڵی ١٩٧٩دا بە لەسەر کار لادانی محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی کۆتایی هات، دوای ئەوە بۆ ١٠ ساڵ، سەرۆکایەتی و دەسەڵاتی باڵای سیاسی و ئایینی لە ئێراندا هەبوو.

 

خومەینی نەوە و کوڕی مەلایەک(سەرکردەیەکی ئایینی شیعە) بوو کە باوکی ئایەتوڵڵا مستەفا موسەوی کەسایەتیی ئایینی ناسراوی ناوچەکەی خۆی بوو کاتێک خومەینی تەمەنی نزیکەی پێنج مانگ بوو، باوکی بە فەرمانی یەکێک لە دەستڕۆیشتووەکانی ناوچەکەی خۆی دەکوژرێت.

 

خومەینی، لەلایەن دایکی و خاڵۆزاکەیەوە پەروەردەکراوە و پاشان دوای مردنی ئەوان لەلایەن مۆرتەزای برا گەورەیەوە سەرۆکاری ژیان و گەورەکردنی کراو دواتر (بە ئایەتوڵڵا پەسەندیدە) ناسرا، پاش  خوێندن لە قوتابخانە جۆراوجۆرە ئیسلامییەکاندا.

خومەینی لە سەرەتاوە ئارەزووی بۆ پەروەردەی ئایینی هەبوو، لە حەوزە زانستییەکانی وڵاتەکەیدا، لە خوێندنی فیقهی ئیسلامی و فەلسەفە و سۆفیگەرییدا ئاستێکی نایابی هەبووە.

 

لە ساڵی ١٩٢٢ لە شاری قوم نیشتەجێ دەبێت کە بە ناوەندی خوێندنی شیعە لە ئێران دادەنرێت، لەوێ لە ژێر چاودێری زانایانی باڵادا درێژە بە خوێندن دەدات، لەوانە ئایەتوڵڵا عەبدولکەریم ئەلحائیری، کە زانایەکی دیار بووە، لەوێوە تا ساڵی  ١٩٣٠ سەرقاڵی وەرگرتنی زانست بووە و پاشان بە ناوی شوێنی لەدایکبوونی خۆی، بە(خومەین)ی، ناسرا.

 

لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا پلەی ئایینی ئایەتوڵڵای بەدەستهێناو تا سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو نازناوی ئایەتوڵڵای گەورەی بەدەستەوە بوو، بەمەش دەبێتە یەکێک لە دیارترین ڕێبەرانی ئایینی ئێران.

 

لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا محەممەد ڕەزا شای پەهلەوی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ڕۆژئاوا بە تایبەتی ئەمریکا هەبوو، کە وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی ڕۆژئاوا لە ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەریی سۆڤیەت لە ناوچەکەدا سەیر دەکرا.

 

ئەم قۆناغە شایەتی زیادبوونی دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتی پادشایەتی لە ناوخۆی ئێراندا بە تایبەتی لە نێو گرووپە ئایینی و جەماوەرییەکاندا بەخۆیەوە بینی، کە دەبنیرا شا بەها بۆ یاساکانی ئیسلام ناهێڵێت و وڵات بەرەو ئاکارەکانی ڕۆژئاوا پاڵ دەنێت.

 

شا لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا پەرلەمانی هەڵپەسارد و بەرنامەیەکی دەستپێکرد کە بە شۆڕشی سپی ناسرابوو، کە بریتی بوو لە ئازادی ژنان و کەمکردنەوەی خوێندنی ئایینی و دەرکردنی یاسایی چاکسازیی زەوی کە زۆرێک لە خاوەن سامان و دەسەڵاتەکانی ناڕەحەت کرد.

 

جێبەجێکردنی ئەم یاسا و سیاسەتانەی شا، کاریگەری چینی مەزهەبیی کەمکردەوە، هەروەها کاریگەری لەسەر ژیان و کۆمەڵگای ئێرانی هەبوو لە ئاستێکی بەرفراواندا، زیانی بە ئابووری گوندنشینەکان گەیاند، ڕۆژئاوایی بوون بووە مەترسی لەسەر نەریتی ئێرانییەکان، بەها کۆمەڵایەتییە باوەکانی وڵات بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچوو.

 

لەو چوارچێوەیەشدا خومەینی وەک یەکێک لە دیارترین بەرهەڵستکار و  ڕەخنەگرانی (شا) دەرکەوت و دەستیکرد بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی چاکسازییەکانی زەوی، کە ئەو کارەی بە تێکدانی بەها ئیسلامییەکان و مافی زانایان دەزانی.

 

دژایەتی ڕاشکاوانە لەگەڵ فەرمانرەوای ئێران، شا محەممەد ڕەزا پەهلەوی، شەرمەزارکردنی کاریگەرییەکانی ڕۆژئاوا ئاستێکی جەماوەریی زۆری لە ئێراندا بۆ خومەینی بەدەستهێنا.

 

خومەینی بەهۆی بەردەوامی ڕەخنەکانی و تۆمەتدانە پاڵی وەک ئاژاوەگێڕ و دژە حکومەت، لە ساڵی ١٩٦٣ زیندانی کرا، دوای ساڵێک لە زیندان، لە ٤ی تشرینی دووەمی ١٩٦٤ لە ئێران دوورخرایەوە.

 

سەرەتا دوور خراوەیەوە بۆ تورکیا، دواتر لە جووە شاری نەجەف بۆ ماوەی ١٤ ساڵ لەوێ نیشتەجێ بوو، لەوێش دەستیکرد بە داڕشتن و بڵاوکردنەوەی تیۆرییەکانی سەبارەت بە ئیسلام.

 

خومەینی چەندین کتێبی لە بواری فەلسەفە و یاسا و ئەخلاقیاتی ئیسلامی نوسیوە، وەک کتێبە بەناوبانگەکەی بە ناوی “تحریر الوسیلە” کە بە یەکێک لە کتێبە سەرەکییەکانی فیقهی شیعی دادەنرێت.

 

خومەینی لایەنگرێکی سەرسەختی ویلایەتی فیقهی بوو، کە بناغەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەسەر دانا، لە کاتی دەربەدەریدا سەرکەوتوو بوو لە پێکهێنانی بنکەیەکی گەورەی شوێنکەوتوو، هەروەها تۆڕێکی بەهێز و کاریگەری دروستکرد تا ڕۆڵی سەرکردایەتی بگێڕێت لە ڕووخاندنی شا دا.

 

لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئاستی جەماوەری خومەینی لەناو ئێراندا بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کرد.

 

بەهۆی پەرەسەندنی ناڕەزاییەکان دژ بە ڕژێمی شا، لەلایەکی دیکە بوونی هاوپەیمانی لەگەڵ سەرۆکی ئەوکاتی عێراق، سەدام حوسێن، خومەینی ناچار کرد لە ٦ی ئۆکتۆبەری ١٩٧٨دا عێراق بەجێبهێڵێت.

 

پاشان خومەینی لە نۆڤێل شاتۆ کە یەکێکە لە گەڕەکەکانی پاریسی پایتەختی فەرەنسا نیشتەجێ بوو، هەر لێرەوە شوێنکەوتووانی پەیامە تۆمارکراوەکانی ناوبراویان بۆ خەڵکی ئاسایی ئێران دەبردەوە، کە ئەم پەیامانە خۆپیشاندانی جەماوەری بەدوادا هات و شای ناچار کرد لە١٦/١ی ١٩٧٩ ئێران بەجێبهێڵێت.

خومەینی لە ١/٢ی ساڵی ١٩٧٩ گەیشتەوە تاران، لەوێ وەک ڕێبەری ئایینی شۆڕشی ئێران پێشوازی لێکرا و دوای چوار ڕۆژ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ڕاگەیاند و لە ١١/٢ سوپای ئێران بێلایەنی خۆی ڕاگەیاند.

 

خومەینی لە کاتێکدا گەڕایەوە بۆ قوم، کە چینی ڕۆحانیی خەریکی چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی بوو، لەڕێی دەنگدانێکی سەرتاسەری پشتیوانیی بۆ دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی نیشان دا، دەستووری کۆماری ئیسلامی لە ڕیفراندۆمێکدا لە مانگی کانوونی دووەمدا پەسەند کرا و خومەینی بە سەرۆکی باڵای سیاسی و مەزهەبی ناوزەد کراو بووە سەرکردەیەکی رۆحی ئێران بۆ هەتا هەتایە .

ئینسایکلۆپیدیای بەریتانی باس لەوە دەکات، دەسەڵاتەکەی خومەینی تۆڵەی سیاسیی کردەوە، بە سەدان کەس کە کاریان بۆ ڕژێمی شا کردبوو، دەوترێت لە سێدارە دراون، دواتر ئەو ئۆپۆزسیۆنە ناوخۆییەی کە مابووەوە سەرکوتکرا، ئەندامەکانی زیندانی کران یان بە شێوەیەکی سیستماتیک کوژران، ژنانی ئێران ناچار بوون حیجاب بکەن، مۆسیقای ڕۆژئاوایی و مەی قەدەغە کران و سزاکان لە یاسای ئیسلامیدا دیاریکرانەوە.

 

نفوزی خومەینی سنووردار نەبوو لە چوارچێوەی ئێراندا، بەڵکو درێژبووەوە بۆ ناوچەکە و هەموو جیهان، ئێران لە سەردەمی سەرکردایەتی خومەینی سیاسەتی دوژمنایەتی ڕۆژئاوا، بەتایبەت ئەمریکای پەیڕەو کرد کە بە “شەیتانی گەورە” ناوی دەبرد.

یەکێک لەو ڕووداوە دیارانەی کە کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا هەبوو، ڕووداوی بارمتەگرتن بوو لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران لە ساڵی ١٩٧٩دا، کە ٥٢ ئەمریکی بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ دەستبەسەر کران و ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی گرژییەکی زۆر لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

 

یەکێک لە دیارترین ئاستەنگەکانی بەردەم خومەینی شەڕی ئێران و عێراق بوو کە لە ساڵی ١٩٨٠ سەریهەڵدا تا ساڵی ١٩٨٨ بەردەوام بوو، ئەم شەڕە درێژخایەن و ماڵوێرانکەر بوو، و بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان هەزار ئێرانی و عێراقی.

 

سەرەڕای زیانە گەورەکانی مرۆیی و ماددی، خومەینی ڕەتیکردەوە ڕێگەچارەی ئاشتیانە بۆ شەڕەکە قبوڵ بکات و پێداگری لەسەر درێژکردنەوەی شەڕەکە کرد بە هیوای ڕووخاندنی سەدام حوسێن، سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق، دواجار خومەینی ڕازی بوو بە ئاگربەست لە ساڵی ١٩٨٨دا، کە بە شێوەیەکی کاریگەر کۆتایی بە شەڕەکە هێنا.

ئەگەرچی گەشەسەندنی ئابووری ئێران لە ژێر دەسەڵاتی خومەینی، لەو قۆناغەدا لەرزۆک بوو و لە هەوڵەکانیدا بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە شەڕی ئێران و عێراقدا شکستی هێنا، بەڵام توانی دەسەڵات لە ئێراندا بپارێزێت.

 

خومەینی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، تا کۆچی دوایی لە ساڵی ١٩٨٩دا ئەو پۆستەی بەدەستەوە بوو، لە سایەی دیدگای ئەودا، سیستمێکی سیاسی نوێ لەسەر بنەمای تێکەڵەیەک لە حوکمڕانی مەزهەبی و سیاسی دروست بوو، کە ویلایەتی فیقهی ڕۆڵێکی گەورەیان پێدرا لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی دەوڵەتدا.

 

ئایەتوڵڵا خومەینی لە ٣/٧ی ساڵی ١٩٨٩ لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و دوای ئەو، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی وەک ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی شوێنی گرتەوە.

 

سەرەڕای مردنی خومەینی، بەڵام هێشتا کاریگەریی خومەینی لە سیاسەتی ئێران و جیهانی ئیسلامیدا ئامادەیە، بەو پێیەی توانی ئێران لە دەوڵەتێکی پاشایەتی بە ئاراستەی ڕۆژئاوایی بگۆڕێت بۆ کۆمارێکی ئیسلامی کە لەسەر بنەمای ئایینی دامەزراوە و کاریگەریی ئەو هێشتا لە سیاسەتی ئێراندا بەرجەستەیە.

لەبارەی خوێندنی ئێوارانەوە بڕیار دەدرێت
پێت لەبارەی خوێندنی ئێوارانەوە بڕیار دەدرێت
ڕێنمایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن
دوات ڕێنمایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن
پەیوەنیدر