وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، یەكێتی كار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەرد و دوور لەدەستێوەردان دەكات و كۆتایی بەتاكڕەوی و پاشاگەردانی دەهێنێت و دەشڵێت: ڕۆژی هەڵبژاردن ئەو كەسانە سزابدەن، كە بوونەتە هۆی دواكەوتنی مووچەكانیان.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “(كۆتایی پێدەهێنین.)، دروشمی یەكێتییە بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، واتا كۆتایی بەتاكڕەوی و پاشاگەردانی و دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسان و بەبارمتەگرتنی مووچەی هاووڵاتیان و دەستێوەردانی دەرەكی لەكاروباری ناوخۆ و هەڵبژاردنی گوماناوی دەهێنین”.
ڕاشیگەیاند: “كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەڕووی یاساییەوە وردبینی لەسەر ناوی كاندیدەكان تەواونەكردبوو، بۆیە بڕیاردراوە ڕۆژی 25-9-2024، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبكات”.
وتیشی، “یەكێتی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا نییە، هاوكات ئەمریكا و ئێران و وڵاتانی دراوسێش كۆكن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و ببێتە هۆی توندوتۆڵكردنی ئیدارەی هەرێم و پەرلەمانێكی كارا و نەهێشتنی تاكڕەوی”.
سەعدی پیرە دەشڵێت: “داواكارم لەهاووڵاتیان ڕۆژی هەڵبژاردن لەسەر سندوقەكانی دەنگدان ئەو كەسانە سزابدەن، كە بوونە هۆی دواكەوتنی مووچەی هاووڵاتیان”.