زێلێنسکی باس لە کۆتایی هێنانی شەڕ لەگەڵ ڕووسیا دەکات



ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین ڕایگەیاند: کۆتایی هێنان بەو شەڕەی کە زیاتر لە دوو ساڵ و نیوە لەگەڵ ڕووسیادا بەردەوامە پەیوەستە بە “ئیرادە”ی هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی کیێڤ بۆ دابینکردنی چەکی پێویست بۆ وڵاتەکەی و ڕێگەدان بە بەکارهێنانیان.

 

زێلێنسکی لە وتارێکدا، سوپاسی سوپای وڵاتەکەی کرد، بەرامبەر ئەنجامدانی هێرشە نوێیەکەی سەر ڕووسیا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکانی لە ئەمریکا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا “یەکلاکەرەوەن” و دڵنیان لەوەی کیێڤ ئەو توانا بەرگرییانە بەدەستدەهێنێت کە پێویستی پێیەتی.

 

سەرۆکی ئۆکراین وتی: گەر مووشەکی پێویستمان هەبێت و ڕەزامەندی هاوبەشەکانمان وەربگرین بۆ بەکارهێنان، ئەوا بارودۆخی شەڕەکە باشتر دەبێت بۆ ئێمە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ‘جەنگ کەی کۆتایی دێت؟’ ئەوە کاتێکە کە هاوبەشەکانمان بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە دەتوانین چی بکەین بۆ بەرگرییەکانمان”.

 

وتیشی “ستراتیژی ڕوونمان لەسەر مێزی هاوبەشەکانمان دەبێت، بەتایبەت لەسەر مێزی سەرۆکی ئەمریکا “.

 

زێلێنسکی، ڕۆژانە بانگەواز بۆ هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی ئۆکراین بە تایبەتی ئەمریکا دەکات و داوای زیادکردنی چەک و پیداویستی سەربازی بۆ وڵاتەکەی دەکات تا یارمەتی دەربن لە بەرپەرچدانەوەی پێشڕەوی هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەی دۆنێتسک لە بەرەی ڕۆژهەڵاتی شەڕەکەدا.

 

کیێڤ داوای مۆڵەت دەکات بۆ بەکارهێنانی چەکی ڕۆژئاوایی بۆ لێدانی ئامانجەکانی لە قووڵایی خاکی ڕووسیا و پووچەڵکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی مۆسکۆ بۆ سەر ژێرخانی ئۆکراین بەتایبەتی دامەزراوەکانی وزە.

 

کاربەدەستانی ئۆکراین ڕایانگەیاند؛ کە دوو کۆگای تەقەمەنی ڕووسیا لە شەوێکدا بۆردومان کراون، یەکێکیان لە ناوچەی کراسنۆدار لە باشوور و ئەوی دیکەیان لە ناوچەی تڤێر لە ڕۆژئاوای وڵات.

 

بەم نزیکانە زێلێنسکی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا و کامالا هاریسی جێگری، کۆدەبێتەوە، لە وتەیەکیشیدا سەرۆکی ئۆکراین ئاماژەی بەوەداوە؛ هیوادارە چاوی بە دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکانیش بکەوێت .

 

قوباد تاڵەبانی:هەنگاوی باش بۆ چارەسەری گرفتی مووچە نراوە
پێت قوباد تاڵەبانی:هەنگاوی باش بۆ چارەسەری گرفتی مووچە نراوە
ئەپیکۆر داوایەک لە عێراق و هەرێم دەکات
دوات ئەپیکۆر داوایەک لە عێراق و هەرێم دەکات
پەیوەندیدار