بە هۆی تەقینەوەیەک، لە کانێکی خەڵوز لە پارێزگای خوراسانی ئێران، دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.
دامەزراوەی فریاگوزاری ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢-٩-٢٠٢٤ ڕایگەیاند؛ ژمارەیەک کرێکار لە تەقینەوەی کانێکی خەڵوز لە باشووری پارێزگای خوراسان گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون.
دامەزراوەکە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، ئاماژەی بەوەداوە، تا کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە، ژمارەی گیانلەدەستداوانی تەقینەوەی کانی خەڵوزەکەی خۆراسان بۆ ٣٠ کوژراو و ١٧ بریندار بەرزبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ٨ تیمی سەر بە مانگی سووری پارێزگای خوراسانی باشوور ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون.
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، تەقینەوەکە لە ئەنجامی دزەکردنی گازی میسان بووە لە یەکێک لە تونێلەکاندا.
هاوکات، محەمەد عەلی ئاخوندی بەرپرسی بەشی قەیرانەکان رایگەیاندووە؛ بەهۆی قوڵی و درێژی تونێلەکە، و وەک پێویست دەستڕانەگەیشتن بە قوربانییەکان، ئەگەر هەیە ژمارەی قوربانیان بەرز بێتەوە.
بە وتەی ناوبراو، ٦٩ کرێکار لەو کانەدا کاریان کردووە.
ئاخوندی ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی قوربانییەکان، تا کاتژمێر ٧:٢٥ خولەکی بەیانی ئەمڕۆ، گەیشتووەتە ١٩ گیان لەدەستدان و ١٧ بریندار و دەیان کەسیش لەڕێی تیمە تایبەتمەندەکانمانەوە هەوڵی ڕزگارکردنیان دەدرێت.