سبەی یەک شەممە 22ی ئەیلوول، ساڵی نوێی خوێندن لە عێراق بە بەشداری زیاتر لە 12 ملیۆن خوێندكار دەستپێدەكات و لە هەرێمی كوردستانیش ڕۆژی چوار شەممە 25ی ئەیلوول دەرگای خوێندنگەكان دەكرێنەوە، هاوكات مامۆستایانی ناڕازی بەهۆی نەدانی مووچەوە هۆشداری دەستپێكردنەوەی بایكۆت دەكەن.
ساڵانی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستان پڕۆسەی خوێندن لەپێش شارەكانی عێراقەوە دەستی پێدەكرد بەجۆرێك لە هەرێم لە 15ی ئەیلوولەوە دەرگای خوێندنگەكان دەكرانەوە و لە ناوچەكانی عێراقیش بە ناوچە كوردستانیەكانیشەوە لە 1ی ئۆكتۆبەر (10) پڕۆسەی خوێندن دەستی پێدەكرد، بەڵام ئەمساڵ پڕۆسەكە پێچەوانە بۆتەوە.
کەریم سەید، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە ئاژانسی فەرمی (العراقیە)ی ڕایگەیاندووە، “ئامادەکاریی وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە چەند ڕوویەکەوە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زۆر باشترە، بەتایبەت لە بوارەکانی چاپکردنی کتێب و دابینکردن پێدوایستییەکانی خوێندن”.
وتیشی، “پڕۆگرامی خوێندنی سەرجەم قۆناغەکان لە چاپخانەکانەوە گەیشتووەتە گەنجینەی خوێندنگەكان و ئامادەن بۆ دابەشکردن”.
ئاشكراشی كرد، “سبەی یەك شەممە زیاتر لە 12 ملیۆن خوێندكا پەیوەندی بە خوێندنگەكانەوە دەکەن و لە ناویاندا زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار خوێندكار لە پۆلی 1ـی سەرەتایی دەست بە خوێندن دەکەن”.
ئەوەش لە کاتێکدایە ، بڕیارە ڕۆژی 25ـی ئەم مانگە پڕۆسەی خوێندن لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستانیش دەستپێبکات.
د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، “هیچ ڕێگرییەك نییە، ٢٥ی مانگ زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدەدرێت و دەبێتە یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٥”.
وتیشی، “٥ هەزار و ٨٨ مامۆستای گرێبەست کراونەتە هەمیشەیی، ٣٧ هەزار و ٩٣٣ مامۆستای وانەبێژ کراونەتە گرێبەست”.
بەپێی ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، ساڵانە پڕۆسەی خوێندن لە 15ی ئەیلوولەوە دەستپێدەكات، بەڵام ئەمساڵ بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە پڕۆسەی خوێندن خرایە 25ی ئەیلوول و وەك وەزارەتی پەروەردە دەڵێت: پەرتووكی تواو بۆ ناوەندەكانی خوێندن دابین كراوە و دەست كراوە بە دابەشكردنی بەشە نەوتی خوێندنگەكان.
لای خۆشیانەوە، مامۆستایانی ناڕازی هۆشداری بە حكومەتی هەرێم دەدەن، كە لە ئەگەری دابەشنەكردنی مووچەی مانگەكانی 8 و 9، “ئامادەنین دەرگای خوێندنگەكان بكەنەوە و لەجیاتی زەنگی خوێندن، زەنگی بایكۆت لێدەدەن”.
مامۆستا دڵشاد میرانی، ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاندووە، ئەوەی کەخاوەندارێتی شەقام دەکات ئەو دەیان هەزار کەسە مافخوراوەن، کە ئەنجوومەن و دەستە و گرووپە ناڕازیەکان پێشەوایەتیان دەکەن بۆ گەیشتن بەمافەکانیان و دەشڵێت: سەركەوتنی یەكجاری بەڕێوەیە.
مامۆستا دانا عەبدول، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاندووە، حكومەت خاوەنی ئەو بەڵێنانە نەبوو بە مامۆستایان و وانەبێژانی داوە، بۆیە دەبێت چاوەڕێی ناڕازایەتی بەرفراوان بکەن و دەڵێت: ڕۆژی 25ی ئەیلوول بایكۆت دەستپێدەكات.
ماوەی 21 ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر مانگی ئەیلوول و حكومەتی عێراق دەستی كردووە بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 9ی مووچەخۆران، بەلام تا ئێستا پارەی مووچەی مانگەكانی 8 و 9 بۆ مووچەخۆرانی هەرێم نەنێردراوە و دابەشكردنی مووچە لە هەرێم زۆر دواكەوتووە و ئەوەش نیگەرانی و ناڕەزایی مووچەخۆرانی لێكەوتۆتەوە.