نەبیل مەرسومی پسپۆڕی بواری ئابووری پێیوایە، تێچووی میوانداریی پاڵەوانێتی جامی كەنداوی 25 لە بەسرە، 33 ملیۆن دۆلار دەبێت، بۆنەكەش دەبێتە هۆكارێك بۆ زیاتركردنی جوڵەی بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان عێراق و وڵاتانی كەنداو.
نەبیل مەرسومی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”تێچووی میوانداریكردنی كەنداوی 25 و ئامادەكاریەكان لەڕووی دابینكردنی شوێنی مانەوە و نۆژەنكردنەوەی دوو یاریگا، 33 ملیۆن دۆلار لەسەر عیراق كەوتووە”.
بە وتەی مەرسومی:”میوانداری پاڵەوانێتی كەنداوی 25 لەدوای چەندان ساڵ، دەبێتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ زیادبوونی جوڵەی بازرگانی و وەبەرهێنان لە نێوان عێراق و وڵاتانی كەنداو، خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە زۆر باشترە لەو پارە زۆرەی بەبێ سودێكی وەها لە دەزگاكانی وەبەرهێنانی ناوخۆ و نیشتمانی لە ساڵی 2006ەوە،تا ئێستا خەرجكراون”.
ئەمڕۆ هەینی، پاڵەوانێتی جامی كەنداوی 25 لە بەسڕە بەئامادەبونی سەدان هەزار كەس دەستپێدەكات، یەكەم یاریش لەنێوان عێراق و عەممان لەكاتژمێر 7:00ی ئێوارە بەڕێوەدەچێت، هەشت وڵاتی عەرەبیش لە كێبڕكێی بەدەستهێنانی ناسناوی پاڵەوانێتیەكەدان كە بریتین لە: عێراق، كوەیت، سعودیە،عوممان، ئیمارات ، بەحرین ، قەتەر ، یەمەن.