وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سبەی شەممەوە بۆ ماوەی 10 رۆژ زانکۆلاین بۆ دەرچوانی پۆلی 12 کارادەکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەت زانستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پرۆسهی پێشکەشکردن بۆ وهرگرتنی دهرچوانی 12ـی ئامادهیی له زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەکات و لە سبەی شەممە 21ـی ئەیلولی 2024 کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ، زانكۆلاین بۆ ماوەى 10 رۆژ کارا دەکرێت.
وەزارەتەکە دەڵێت: وێبسایتی ‘www.regayzanko.com’ بۆ دەرچوانی 12ـی ئامادەیی ‘زانستی، وێژەیی، پیشەیی’، تاوەکو رۆژى 30ـی ئەیلولی 2024، کارا دەبێت، بهوهش دهرچوان لەو ماوەیەدا دهتوانن فۆرمی وهرگرتن له زانكۆ و پهیمانگهكان پڕبكهنهوە و پێشكهشی بكهن، ههروهك دهرچوان دهبێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (Username) و (Password).
دەشڵێت: بۆ بهرچاوڕونی زیاترى دهرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی و ئاشنابوونیان به سیستمهكانی وهرگرتن ‘زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران’ دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com) بکەن و ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان، هەروەها دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى راوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕونكردنهوهی پێویست لهسهر چۆنیهتیی پڕكردنهوهی فۆرمی وهرگرتن به سیستمه جیاوازهكان، ئهمهش دهرهفهتێكی گرنگه بۆ ئهوهی دەرچووان بهر لهوهی فۆرمی وهرگرتن پێشكهش بكهن، ئاگاداری وردهكارییهكانی سیستمهكه بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و روو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچوان پڕدەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لەهەر هەڵەیەک لەکاتى پڕکردنەوەى فۆڕمەکانیان.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەی بەوەشکردووە، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ریزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچوان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە رەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/ قوتابى، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچوانى پۆلى دوانزە لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا رۆژەکانی زانکۆلاین.
سەبارەت بە دەرچوانی ئامادەیى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و ئامادەییە پیشەییەکان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکرایدەکات: زانکۆلاین لەهەمان کات و هەمان وێبسایت بۆ ئەوانیش کارا دەبێت بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتى خوێندنى باڵا، سەرجەم ئەو دەرچووانەى لە خوار ساڵى 2000وە دەرچوون و هەروەها دەرچوانی پێنج ساڵی ڕابردوی پیشەییەکان کە نیازی فۆرم پێشکەش کردنیان هەیە بۆ خوێندنی پارالێڵ و ئێواران، بەهۆی نەبوونی ناو و زانیارییان لە ناو سیستمى زانکۆلاین، پێویستە سەردانی وەزارەتی پەروەردە بکەن بۆ وەرگرتنى یوزەرنەیم و پاسۆرد و داخڵکردنی زانیارییەکانیان، بەپێچەوانەوە ناتوانن داواکاری وەرگرتن پێشکەش بکەن.
وەزارەتى خوێندنى باڵا سەبارەت بە هەبوونى پەیج و ئەکاونت بەناوى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن، رایدەگەیەنێت، ستافى وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیە بەناوەکانى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن یان هەر ناوێکى دیکە.