چین وەک جەمسەرێکی جیهانی!



کارۆخ خۆشناو
لەسەر بانگهێشتی کونسوڵخانەی چین لە هەولێر ساڵی پار و ئەمساڵیش دەرفەتی سەردانیکردنم بۆ وڵاتی چین بۆ فەراهەم بوو، ئەو جیاوازیەی لە ڕووی پێشکەتنەوە لە نێوان ئەم دوو سەفەرەدا بینیم جێگای هەڵوەستە لەسەر کردنە، چونکە خەڵکی چین شەر لەگەڵ کات دەکەن و شەو و ڕۆژ کار دەکەن، وەک دەڵێن، ئاو ڕابوەستێ خەڵکی چین ڕاناوەستن، بۆیە لە ڕوی ژێرخان و سەرخانەوە موعجیزەیان خوڵقاندووە.


لە هەشتاکانی سەدەی رابوردوو چین وڵاتێکی هەژار و داخراوبوو، پاش کرانەوەی بە سەر جیهاندا ئەمڕۆ چین یەکێکە لە زلهێزە ئابورییەکانی دونیا و خواستی هەیە کە ببێتە یەکێک لە زلهێزە جیهانییەکان لە هەموو بوارەکاندا، هەتا وەک جەمسەرێک لە جەمسەرەکانی دونیا مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت، چین ئەم وەرچەرخانە وەها دەبینێت کە تەنها گەڕانەوەیە بۆ ئەو دۆخ و ئاراستەیەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان چین هەیبوو. لە مێژوودا چین بە چەنگگۆ Zhongguo (中国) ناسراوە، کە بە مانای پانتایی ناوەند یان بە شێوەیەکی فراوانتر بە شانشینی ناوەند ناسراوە، بەڵام پاش هاتنی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی چین ئەم پێگە ناوەندییەی لە دەستدا، ئەمڕۆ دەیەوێت بۆی بگەڕێتەوە.

پێشکەوتنی چین لە ماوەی (٣٠ـ٤٠) ساڵی رابردوودا لە زۆر بواردا سەرسوڕهێنەرە، چین بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ڕایبگەیەنێت دەیەوێت بە شێنەیی وەک جەمسەر و وهێزێکی تازەی جیهانی خۆی بسەلمێنێت. ئەویش لە ڕێگای نمایشکردنی ژێرخان، سەرخان، تەکنەلۆژیا، بازاڕ، ئابووری، کاڵا و هێزی نەرم. لەم رێگەیەوە خەریکی ئەوەیە ببێت بە جەمسەرێکی پێشکەوتووی جیهان. بە جەمسەربوون بەلای چینییەکانەوە ئاوێتە و تێکەڵە بە پڕۆژەیەکی تر کە بە (رێگەی ئاوریشم) یان پشتێنە و رێگە
(Belt and Road initiative) ناسراوە.

ئامانجی سەرەکی دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگا بەلای چینییەکانەوە، پێکەوەبەستنەوەیە. بەڵام لە هەمانکاتدا گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی کردنی چین بە پانتایی ناوەند. ڕێگا دروستکردن هەمیشە بەشێک بووە لە بونیادی ئمپراتۆریەتەکان. ئەوەی ئینپراتۆریەتی ڕۆمی پێدەناسرێتەوە لە هەموو شتێکی تر زیاتر دروستکردنی ڕێگایە. پشتێنە و ڕێگاش پرۆژەی ئامادەبون و پەیوەستکردنی چینە بە دونیا و هەروەها دونیا بە چینەوە.
لەم ڕوانگەوە دەکرێت چەند رەهەندێکی جەمسەربوونی چین دەستنیشان بکەین:

١ـ چین بەهەمانشێوەی روسیا دەیەوێت رابردوو و یادەوەری و سنور و کەلەپورە سیاسی-فکرییەکەی لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە بیر دنیا و گەلانی ناوچەکە بهێنێتەوە. سەرەتا نەخشەی کۆن بیر خەڵک دەهێنێتەوە کە دوێنێ چی بوویت و چۆن ژیاویت. بەیانی دەتەوێت ببیت بەچی و چۆن دەردەکەویت! ئەمە کڕۆکی داڕشتنی هێز و بەناوەندبوونە بۆ چین.

٢ـ لەهەناوی ئەم ستڕاتیژ و هێلکارییەدا ناسیۆنالیزمی چینی ئامادەیە بەڵام تێکەڵ بە چەپی چینی، وەک چۆن ڕوسیای پۆتین هەندێک جار ئاماژە بە روسیای قەیسەری دەکات بۆ گەڕانەوەی بۆ ناوچەکە. چینیش هەوڵێکی وا دەدات لەڕێگەی ئیتنۆ-کۆمۆنیزمەوە بەڵام بەبێ ئەوەی سەروەری هیچ وڵاتێک ببەزێنێت و پشتیوانی گڕووپی جوداخواز و کەمینەکان بکات. چونکە چین لە بنەڕەتدا کۆمەڵگە و تۆڕێکی فرە پێکهاتەیە و پڕە لە ئەکتەری جیاواز و ئیتنیکی جوداخواز.

٣ـ چین لە ڕێگای تەکنەلۆژیا و ژێرخان و تۆڕێک لە ڕێگا و شاڕێگا و گواستنەوە بیر لە بەیەکەوەبوون دەکاتەوە، بەجۆرێک لەداهاتوو بەئاسانی لەگەڵ جیهاندا بێت و ئاسان لەگەڵ جیهاندا بژی و دەستی بەهەموو بازاڕ و یەکەکان بگات، بەتایبەت ئەم دنیا ئابووری و فەرهەنگییەی کە دەکەوێتە نێوان دەریای سپی ناوەڕاست و کەنداوی عەرەبی و دەریای رەش و قەزوین. سەرەتا چین دەیەوێت بگات بە پانتایی ناوچەکە و دواتریش لەوێوە بکشێت و بازنە جیۆسیاسییەکەی خۆی فراوانتر بکات، لێرەوە ڕۆژهەڵات دەروازەیەکە بۆ گەیشتن بە جیهان.

٤ـ چین عەشقی هێزی نەرم و تیژە Soft and Sharp power و کاردەکات لەڕێگەی ئەم فۆڕمەی هێزەوە بکشێت و بێتە نێو جیهان و سیستمی سیاسی تازەوە (دوو جەمسەری یان فرە جەمسەری) بەتایبەت کولتور و فەرهەنگسازی، شێوەی ژیان، زیرەکی دەستکرد، چیپس و شێوەی کۆگاکردنی داتا و زمانی چینی. لەهەرێمی کوردستان سەنتەری فێربوونی زمانی چینی، بەشی چینی لە زانکۆکان و سەنتەری چینناسی ئامادە و کارایە و تەنانەت رێککەوتن لەگەڵ تی ڤییەکی کوردیشدا کراوە بۆ پرسی درامای چینی و پەخشکردن و بڵاوکردنەوەی وەک بەشێک لە هێزی نەرمی چینی. لەڕاستیدا فێربوونی زمانی چینی رۆژانە لەهەڵکشاندایە و خواستی لەسەرە، ئەگەرچی چین لەهزری ئێمەدا لەڕێگەی ئەم کاڵایەوە دەناسرێت کەلەسەری نووسراوە Made in China بەڵام چین بەشێوەیەکی تر بیردەکاتەوە و دەیەوێت ئەو وێنە ئابوورییە بگۆڕێت و لەڕێگەی فەرهەنگەوە خۆی نمایش و پێناسەبکاتەوە!

لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا دنیای ئێمە کەمێک دوورە لە چینەوە! دووری جوگرافی نا، دووری لە ناسین و تێگەیشتن، لە بیرکردنەوە و خەیاڵی سیاسی و جیۆسیاسی چین. ئەو وڵاتە لای ئێمە واناسراوە کە بەرهەمهێنەری کاڵای خراپ و لاواز و بێ ناوکە. دیارە ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە کەم لەسەر ئەدەبیات و مەعریفە و مێژووی چین بە زمانی کوردی نوسراوە! چینناسی نەبووە بە مەیدانی کاری ئێمە، چینناسمان زۆر کەم و دەگمەنە.

بەکورتی چین ئەمڕۆ هێزێکە دەیەوێت ببێت بە ناوەند و جەمسەر و بڕیاردەر. ئەم ناوەندبوونە هانی دەدات گوتار، زمان، پڕۆژە و یەکەی جیۆستڕاتیژی تازە دابڕێژێت بۆ ئەوەی بگات بە زۆر شوێن و ناوچەی جیهان. بگات بە ئاسیای ناوەڕاست، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سنورەکانی تر. ئامێری بنەڕەتی ئەم گەیشتن و باڵابوونە (پڕۆژی ئاوریشم) یان (پشتێنە و ڕێگایە) بەتایبەت گەیشتن بە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین، ئەم پڕۆژەیە زۆر دیاردە، رووداو و گۆڕانکاری گەورە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، سەرەکیترینیان بە جەمسەربوونی چین و فرەجەمسەربوونی جیهانە.

كاتی پێدانی كارەبای نیشتمانی دەگۆڕێت
پێت كاتی پێدانی كارەبای نیشتمانی دەگۆڕێت
ئیسرائیل هێرشێكی ئاسمانى كردە سەر لوبنان
دوات ئیسرائیل هێرشێكی ئاسمانى كردە سەر لوبنان
پەیوەندیدار