دوابەدوای قسەكانی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی لابراوی پەرلەمانی عێراق كە دژی پێدانی چەك بە هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێم وەستایەوە، هەردوو وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم هاتنەدەنگ.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی بەرگری عێراقی سەبارەت بە پێدانی چەك بڵاوكردۆتەوە، كە تیایدا هاتووە: لەبارەی ئەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاو دەبێتەوە سەبارەت به تۆپهاوێژی ( هاویتزەر عەیار ١٠٥ ملم ) تایبەت بە هێزی پێشمەرگە، دەمانەوێ ئەمانەی لای خوارەوە ڕوون بکەینەوە:
١ ـ گرێبەستی كڕینی ئەو تۆپهاوێژانە لەسەردەمی وەزیری بەرگری (عرفان حیالی) کراوە و لەسەردەمی وەزیری بەرگری (جمعە عناد) هەموارکراوەتەوە.
٢ ـ بڕی پارەی تۆپهاوێژانە پێش پێکهێنانی حکومەتی ئیستا خەرجکراوە.
٣ ـ تۆپهاوێژەکان لە ٢٠ شوباتی ٢٠٢٣ گەیشتوونەتە بەندەری ئوم قەصر.
٤ ـ تۆپهاوێژەکان نەگەیشتنە وەزارەتی پێشمەرگە سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر گەیشتنیان بۆ بەندەری ئوم قەصر.
٥ ـ بە پشت بەستن بە یاداشتی سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان و دوای گەرەنتی هەموو رێوشوێنێکی پێویست تۆپهاوێژەکان ڕادەستی هێزی پێشمەرگە کراوە.
سەبارەت بەوەی ئاماژەمان پێدا لەسەرەوە وەزارەتی بەرگری عێراق جەخت دەکاتەوە، کە هێزی پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانیە و دڵسۆزیان بۆ عێراق گومانی تێدا نییە.
جەختیشی كردۆتەوە، پرسی ئەو تۆپهاوێژانە، کە باسمان کرد زیاتر لە ٧ سال لەمەوبەر ڕوویداوە و ئەو تۆپهاوێژانە ڕادەست نەکراون دوای ئەوەی هەموو رێوشوێنێکی پێویست گیراونەتە بەر سەبارەت بەم بابەتە.
وەزارەتی بەرگری داوا دەکات میدیاکان نەکێشرێنە ناو ئەو درۆ و هەڵبەستراوانە، کە لە لایەن کەسانی ناپسپۆڕەوە سەبارەت بە بابەتەکانی پەیوەست بە وەزارەت دەردەچن.