دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ھەر مامۆستایەکی زانکۆ حکومییەکان لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتییەکان (ئەھلیەکان) وانە بڵێتەوە، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت و دەشڵێت: ئەوە لەپێناو ڕەخساندنی هەلی كارە بۆ دانەمەزراوەكان.
دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پاڵپشت بە نووسراوی دیوانی چاودێری دارایی (747) لە( 11-8-2024) بە گشتاندنی ژمارە (17392) لە (5-9-2024) ئاراستەی گشت زانکۆ حکومییەکانی کردووە، ھەر مامۆستایەکی زانکۆ حکومییەکان لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتییەکان (ئەھلیەکان) دەرس بڵێتەوە لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت”.
ڕاشیگەیاندووە، “ھەر زانکۆیەک نووسراوی لارینەبوون بدات و ڕێگە بدات مامۆستاکانی لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتییەکان(ئەھلیەکان) وانە بڵێتەوە، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ زانکۆکە دەکرێت”.
دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان هۆکاری بڕیارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە، “لەپێناو ڕەخساندنی ھەلی کاری زیاتر بۆ دانەمەزراوەکان و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی ئەم بریارە جێبەجێ دەکرێت “.
دیوانی چاودێری دارایی هەرێم ژمارەی مۆبایل و ئیمێڵ-ی داناوە، بۆ ئەوەی لەکاتی پابەندنەبوون بە بڕیارەکە ئاگادار بکرێتەوە “ھەر زانکۆیەکی حکومی یان زانکۆ و پەیمانگایەکی ئەھلی پابەند نەبێت، ئەوا دەتوانن لەرێگەی ئەم ناونیشان و ئیمەیل و ژمارە مۆبایلە دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم ئاگادار بکەنەوە و ناوتان پارێزراو دەبێت”.
ژمارە مۆبایل: 07504612209
ئیمێڵ: [email protected]