حەمەی حەمەسەعید*
لە دەستپێکی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم، بە بۆنەی ڕەخساندنی هەلێکی دیکەی مێژوویی بۆ ئەوەی شەرعییەتی دامەزراوە دەستوورییەکانمان تازە بکەینەوە.
گەلی کوردستان لە 19ی ئایاری 1992دا وەک چۆن پیشانی جیهانی دا، گەلێکە دەیەوێت ئیدارە و حوکمڕانییەکی خۆماڵی لەسەر بنەمای شەرعییەتی دیموکراتی دابمەزرێنێت، ئەم جارەش دەرفەتێکی گرنگی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێت، لەسەر کاروانی خەباتی مەدەنی و دیموکراتی بەردەوامە، هەر لە ڕێگەی دیموکراتییەوە، شەرعییەتی “دەنگی هاوڵاتی” بۆ حوکمڕانیی و دامەزراوەکانی دەگێڕێتەوە.
ئەبێ ئەو ڕاستییەشمان لەبەر چاوبێت، پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە داواکارییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 6ی شوباتی ئەنجومەنی ئاسایشیی نێودەوڵەتی، کە نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان، خاتوو جێنین پلاسخارت ڕاپۆرتی لە بارەی عێراق پێشکەش کرد، سەرجەم وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنەکە داوایان کرد، هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بەڕێوەبەرێت، واتە خواستێکی بەهێزی نێودەوڵەتی و ئیرادەیەکی ناوخۆیی هەوێنی هاتنە ئارای ئەم پڕۆسەیەن.
بۆیە لە سۆنگەی گرنگی و بایەخی پڕۆسەکەوە، بە پێویستی دەزانم چەند سەرنجێک لە بارەی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی بانگەشە بخەمەڕوو.
سەرنجەکان:
یەکەم: کرۆکی پڕۆسەی دیموکراتی بەندە بە بەشداری هاوڵاتیانەوە لە دیاریکردنی داهاتوویان، بۆیە پێویستە هەرچی زیاترە کار بکرێت بۆ بەشداریکردنی زۆرترین ژمارەی هاوڵاتی لە پڕۆسەکەدا.
دووەم: پایەی گرنگی دیموکراتی، بڕوابوونە بە شەرعییەتی هەڵبژاردن،پابەندبوونە بە ئەنجامەکانی و ئاڵۆگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵاتیش لە جومگە هەرە گرنگەکانی ئەو بڕوابوونەیە، بۆیە دەبێت لایەنەکان ئامادەییان هەبێت بۆ هەڵکشان و داکشانی ژمارەی کورسییەکان و لەدەستدانی دەنگ، نەکەنە بیانووی ڕەتکردنەوەی ئەنجامەکان.
سێیەم: پێویستە زەمینەیەکی لەبار بۆ هاتنی زۆرترین ژمارەی چاودێری نێودەوڵەتی و بیانی بڕەخسێنرێت. هەموو کارئاسانییەک بکرێت، بۆ ئەوەی دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان ئامادە و پشتیوانی سەرخستنی پڕۆسەکەبن.
چوارەم: بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی لە ئەستۆی هەریەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانە، بۆ ئەوەی دەستەبەری سەرکەوتنی پڕۆسەکە و داننان بە ئەنجامەکانی بکەن. پێویستە پابەندی پەیمانێکی ئاکارییبن، کە بڕیاری گەل سەروەری بڕیارەکانە، هەروەها کار بکەن بۆ دەربازکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لەو ئاستەنگ و بەربەستانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە.
پێنجەم: پێویستە هەریەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر بنەمایی ئەو بەرپرسیارێتییەی لە ئەستۆیانە،ئەنجامی هەڵبژاردن و سەرخستنی پڕۆسەی سیاسیی لە دوای هەڵبژاردن لەبەر چاو بگرن. نیشتمانیانە ڕەفتار بکەن ، وەک پێشینان وتویانە: “گۆشتی یەک بخۆن، ئێسکی یەک نەشکێنن”، ئەوە بەرپرسیارێتی ئەوانە: لە دوای هەڵبژاردن،پڕۆسەی سیاسیی سەرپێ بخەن و کار بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش بۆ وڵاتەکەمان بکەن.
شەشەم: ماوەی هەڵمەتی بانگەشە، وادەیەکی هەستیارە، هەر جۆرە پێشێلکاریی و گرژییەک کاریگەری نەرێنی گەورە دەکاتە سەر ئاشتەوایی کۆمەڵگە و ئاسایشیی دەروونی تاکەکان، بۆیە پێویستە هیچ لایەنێک ڕێگە بە خۆی نەدات لە دەرەوەی ڕێسا و ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و بنەماکانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی ڕەفتار بکات و هێرشی دوور لە بەها و ئاکاری پەسندی کۆمەڵگە، بکاتە سەر ڕکابەرەکانی.
حەوتەم: لە بانگەشەی هەڵبژاردندا پێویستە زۆر ڕێز لە بنەماکانی مافی مرۆڤ بگیرێت، بە تایبەتی ژنانی کاندید، ڕووبەڕووی هەراسانکردن و پەلاماردانی ژیانی تایبەتی نەکرێنەوە، ڕێز لە شکۆ، کەسایەتی و ناوبانگیی کۆمەڵایەتییان بگیرێت. نابێت تۆمەتی ئابڕوو و شکۆ شکێن ئاڕاستەی هیچ کەسێک بە تایبەتی ژنان بکرێت. پێویستە پارێزگاری لە دنیای منداڵان بکرێن و ئەوان نەخرێنە ناو گەمەی سیاسیی و بانگەشەی هەڵبژاردن، هەروەها دەبێت ڕێز لە جیاوازییەکان بگیرێت و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان پارێزراوبن.
هەشتەم: تیرۆری فیکری کەسایەتی و حزب و لایەنە سیاسییەکان ڕەفتارێکی دزێوی ناجوامێرانەیە. پێویستە تیرۆری فیکری نەبێتە چەکێکی پڕوپاگەندە و بانگەشەی هەڵبژاردن، لە پێناو سڕینەوەی ڕکابەرەکان.
نۆیەم: بە هۆی بەردەستبوون و کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژانە لێشاوێک لە ساختەهەواڵ و زانیاری شێوێندراو بڵاو دەکرێتەوە، پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسانی کوردستان وردتر و چاوکراوەتربن و ڕێگە نەدەن ببنە نێچیری ساختەکاری و زانیاری نادروست و چەواشەکراو.
دەیەم: گرنگە ئەم هەڵبژاردنە ببێتە هەوێنی یەکخستنەوەی گوتاری سیاسیی هەرێمی کوردستان و داڕشتنەوەی سیاسەتی دەرەوەی هەرێم، بە ئاراستەیەک کە خزمەتی ئێستا و داهاتووی گەلی کوردستان و هەرێمەکەمان بکات، بۆیە دەبێ هەردوو لایەنی سەرەکی پابەندی هێڵە گشتییەکانی بەرژەوەندی باڵای هەرێمی کوردستان بن. ئەنجامی هەڵبژاردن بکەنە هەوێنی یەکخستنەوەی نێوماڵی کوردستان و هەرێمەکە بکەنە نموونەی سەرکەوتنی پڕۆسەی دیموکراتی لە ناوچەکە و جێی ئومێد و هیوای کورد لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان. لە قۆناغی داهاتوو هەموو هێزە سیاسییەکان کار بۆ بەدواداچوونی دۆسییە یاسایی و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان لە عێراقی فیدڕاڵ بکەن، بە تایبەتی چارەنووسی کەرکوک و ناوچەکانی سنووری ماددەی 140ی دەستوور.
*وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان
١٩ ئەیلوولی ٢٠٢٤