ڕەحیم دەڕاجی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی كەفا و پەرلەمانتاری پێشوو، داوا لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران دەكات، “ئاسایشی ئابووری” بخاتەگەڕ.
ئەمڕۆ هەینی، دەڕاجی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”حكومەتی عیراق دەبێت رۆڵی خۆی ببینێت لە بەگەڕخستنی ئاسایشی ئابووری و دەسەڵاتی خۆی بەكاربهێنێت بۆ داخستنی بانك و نوسینگە نافەرمیییەكان، هێزە ئەمنییەكانیش بخاتەگەڕ بۆ ڕێگرتن لە بەقاچاخبردنی دراو كە هیچی وای لە بەقاچاخبردنی نەوت كەمتر نییە”.
دەڕاجی كە ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمان بووە دەڵێت:”هیچ لێپرسینەوەیەك نییە لەلایەن بانكی ناوەندی لەو بانك و كۆمپانیایانەی سەرپێچی ڕێنماییەكانی دەكەن، ئەمەش دەبێتە مایەی ئەوەی بانكی فیدراڵی ئەمریكا متمانەی نەبێت بەوەی بانكی ناوەندی عیراق فرۆشتنی دۆلار و هەوڵەكانی بەقاچاخبردنی دراوەكە كۆنترۆڵ دەكات، لەكاتێكدا بەقاچاخبردنی دۆلار لەڕێی وشكانییەوە بۆ دەرەوەی وڵات بەدی دەكرێت”.