دوای ئەوەی دوێنێ بە سەدان ئامێری بێ تەل “پەیجەر” لە لوبنان تەقینەوە و بە نزیكەی سێ هەزار بریندار و كوژراوی لێكەوتەوە، ئەمڕۆش جارێكی دیكە ژمارەیەك پەیجەری دیكە تەقیونەتەوە.
بەپێی ئاژانسەكانی هەواڵ، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەكاتی بەخاك سپاردنی تەرمی كوڕی عەلی عەممارـ پەرلەمانتاری حزبوڵا لە پەرلەەمانی لوبنان، ژمارەیەك پەیجەری دیكە تەقیونەتەوە و بەهۆیەوە قوربانی دیكەی لێ كەوتۆتەوە.
ماڵپەڕی (الجزیرە) بڵاویكردۆتەوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوە لە چەندین ناوچەی دیكەی بەیروت بیستراوە و چەندین ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن بەرەو ئەو ناوچانەی تەقینەوەكان بەڕێكەوتوون.
ئاشكراشی كردووە، ژمارەیەك ئامێری دیكەی بێ تەل تەقیونەتەوە، كە ئامێری “پەیجەر” نین وەك (هۆكی تۆكی).
لە ئێستادا باس لەوە دەكرێت، كە ژمارەیەك ئامێری دیكەی وەك: شاشەی ئۆتۆمبێل و ڕادیۆ و لاپتۆپ و مۆبایلی ئایفۆن تەقیونەتەوە.
هەر بەپێی ئاژانسەكانی هەواڵ، تا ئێستا 3 كەس گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان كەس بریندار بوون و زیانی زۆر لە ماڵ و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان كەوتووە.
لە بڵندگۆکانەوە داوا لە خەڵک دەکرێت، پاتری مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانیان دەربهێنن.
فرانس ئەبیەز، وەزیری تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی ئامێرەكانی پەیجەر تا ئێستا 12 كەس گیانیان لەدەستداوە، كە منداڵیشی تێدایە.
ئاشكراشی كردووە، نزیكەی 2 هەزار و 800 كەس بریندارن، كە 300 كەسیان برینەكەیان سەختە و ژن و منداڵیشیان تێدایە و هاوكات 460 نەشتەرگەری ئەنجام دراوە، كە زۆربەی نەشتەرگەری چاو و دەموچاو بووە.