پ. د. سەعید علی محمد
ئامانج لە هەموو پڕۆسەیەكی خوێندن و پڕۆژەیەكی زانستیی پێگەیاندنی مرۆڤ و گەشەپێدانی كۆمەڵگە و پێشخستنی وڵاتە لەبوارە جیاجیاكاندا! لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی دنیادا پەیوەندی نێوان زانست و كۆمەڵگە، توێژەر و كۆمەڵگە، زانكۆ و كۆمەڵگە، وەك پەیوەندی نێوان ڕۆح و لاشەیە وایە، پڕۆسەی بەخشینی خاڵ و پلەبەرزكردنەوە و زیادكردنی موچەی مامۆستا بەستراوەتەوە بە ئەنجامی وردبینی لیژنە تایبەتەكان سەبارەت بە دۆسیەی تایبەتی ئەدای مامۆستا، ڕادەی توانا و لێهاتوویی لەبواری نووسین و قاڵ بوون و داهێنان و توێژینەوەی زانستیی بەهێزو ناوازە لە سێكتەرە جیاوازەكاندا!
بێگومان زانست و خوێندن بۆ لەبەركردن و خەزنكردن و تەڵقین دان و لە قاڵبدانی مێشك و دەماغی قوتابی، بەدەستهێنانی بڕوانامەی ڕواڵەتیی نییە، هەروەك چۆن زانكۆكان و ناوەندەكانی خوێندنی وڵاتی ئێمە و وڵاتانی تریش پێوەی دەناڵێنن، بەڵكو ئامانج (خوێندنی ڕاستەقینە و بەرهەم هێنانە) كە هەر ئەمەیش وایكردووە وڵاتێكی زلهێزی وەك ئەمریكا بتوانێ زۆرترین ژمارەی (خەڵاتی نۆبڵ) بۆ خۆی بباتەوە!
دەبێ بزانین هەروەك چۆن ( دراوی نەختینەی ڕاستەقینە) و (دراوی نەختینەی ساختە) هەیە ، هەروەك چۆن (پارچە شوێنەواری ڕاستەقینە) و (پارچە شوێنەواری ساختە) هەیە، بە هەمان شێوەش (خوێندنی ڕاستەقینە ) و (خوێندنی ساختە)ش هەیە، ئەگەر دراوی ساختە هیچ سوودێكمان لە بازاڕدا بۆ كڕینی شتومەك و پێداویستییەكان پێ نابەخشێ، بە هەمان شێوە خوێندنی ساختەش هیچ دەستكەوت و قازانجێكی زانستیی و مەعریفیی نەوعیی و نمونەییمان پێ نابەخشێ! ڕاستە ئێمە دەزانین مەبەست بە دراوی ساختە و دراوی ڕاستەقینە چییە، بەڵام ئەی ئایا مەبەست لە خوێندنی ڕاستەقینە و خوێندنی ساختە چییە؟ چ كاتێك خوێندن پێی دەوترێ خوێندنی ڕاستەقینە و چ كاتێكیش پێی دەوترێ خوێندنی ساختە؟!
لەڕاستیدا خوێندن لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا بە خوێندنی ساختە لە قەڵەم دەدرێ:
1- هەر كاتێك خوێندن دوور بوو دابڕاو بوو یان نامۆ بوو لە واقیع و بارودۆخ و ئێش و ئازارو هیواو ئاوات و ژیانی قوتابیان، هەر كاتێك خوێندن بێ توانا و دەستەوسان بوو لە ئاست چارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتانەی كە ڕووبەڕووی ژیانی ڕۆژانەی قوتابیان دەبنەوە، ئەو كێشانەی كە پێویستیان بە مومارەسەركردنی قوڵی بیركردنەوە و شیكردنەوە هەیە، ئەو خوێندنە بە خوێندنێكی ساختە و بێسوود لە قەڵەم دەدرێ.
2- خوێندن هەر كاتێک نەیتوانی وزە و تواناكانی قوتابی لەڕووی بیركردنەوە و شیكردنەوە و ڕەخنەگرتن پەرە پێبدات ، ئەگەر نەیتوانی پاڵ بە قوتابیەوە بنێ بڕیار لەسەر ڕاستیی و ناڕاستیی ، دروستیی و نادروستیی، بەهێزیی و لاوازیی ناوەڕۆكی هەر بابەت و ماددەیەكی زانستیی بدات كە دەخرێتە بەردەمی، دەكرێ ئەو خوێندنە بەخوێندنێكی ساختە و سەقەت تەماشا بكرێ.
3- هەر كاتێک پڕۆسەی خوێندن پشتیوانیەكی دارایی و ماددیی بێ سنووری بۆ تەرخان كرابوو، دارایی گشتی و خەزێنەی دەوڵەتی هەڵدەلووشی بێ ئەوەی هیچ بەرهەم و داهێنان و گەشە و پێشكەوتنێكی نەوعیی ئەوتۆ پێشكەش بە كۆمەڵگە و وڵات بكات ، بێ یەك و دوو خوێندنێكی ساختە و بێ سوودە.
4- پڕۆسەی خوێندن هەركاتێک بایەخ و ئامانجی تەنها ئەوە بوو ناوەڕۆكێكی زانستیی پێشكەش بكات، دوور لەوەی ئەو ناوەڕۆكە ملكەچ بكرێ بۆ ڕەخنەگرتن و سەرنجی قووڵ و ووردبینی و نەشتەرگەریی عەقڵیی، ئەوا ئەو پڕۆسەیە بە پڕۆسەیەكی ساختە و بێ كەڵك دەژمێردرێ.
5- هەر كاتێك ( خوێندن و بڕوانامە و نازناوی زانستیی) بووە بەشێك لە دیاردەی خۆنواندن و خۆنمایش كردن و دەركەوتن، هەروەها هەرکاتێک ئەم خوێندنە بۆ پلە و پۆست و ناو و شۆرەت و خۆڕازاندنەوەی ڕواڵەتیی و بەرزكردنەوەی پێگەی ڕەسمیی و كۆمەڵایەتیی بوو، دوور لەهەر جۆرە هەگبەیەكی مەعریفیی و ئەكادیمیی ڕاستەقینە، ئەوا ئەو خوێندن و بڕوانامەو نازناوە بێ سوود و ساختە و بێ كەڵك و پووچە.
6- جیهانی ئەمڕۆ جیهانی عەولەمەیە و لەگەڵ وزە و توانا و سەلیقە، بەهرە تایبەت و ناوازەكاندا مامەڵە دەكات، دامەزراندن و بەخشینی هەلی كارو تەوزیف كردنی تاكەكان دوور لە ڕاهێنان و مومارەسە و فێربوونی پراكتیكی ڕەت ئەكاتەوە ، بۆیە هەر خوێندنێك ئەم لایەنەی بەهەند وەرنەگرت، تەنها و تەنها بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە و بەرزكردنەوەی پلەی وەزیفیی و دەستەبەركردنی موچەی بەرزترو ماف و ئیمتیازاتی ماددیی گەورەتر بوو، ئەوا بە خوێندنێكی ساختە دەژمێردرێ و هیچ ئیزافەیەكی نەوعیی نوێ بۆ ژیانمان دەستەبەر ناكات.
7- هەر كاتێك خوێندن لەهەر ئاست و قۆناغێكدا بێت پاڵ بە قوتابی و خاوەن بڕوانامەوە نەنێت بەردەوام لە خەمی خۆبەهێزكردن و قاڵ بوون و قووڵبوونەوەی زیاترو بەرەو پێشبردنی توانای مەعریفیی و پسپۆڕیی خۆیدا بێت، ئەگەر ئەو خوێندنە كتێبی نەكردە دۆست و خۆشەویست و هاوڕێی شەو و ڕۆژی خاوەنەكەی، ئەگەر ناچاری نەكرد ڕێگای كتێبخانە و خوێندنەوە و نووسین و توێژینەوە بۆ هەتا هەتایە بگرێتەبەر، ئەوا نیشانەی پرسیار لەسەر ئەو جۆرە خوێندنە دروست دەبێ و لەكۆتاییدا بە خوێندنێكی ساختە لێكدەدرێتەوە و بڕیاری لەسەر دەدرێ.
8- هەر كاتێك كۆمەڵگە بەدەست بەتاڵەوە دەیناڵاند و، زانكۆكان ساڵانە سوپایەك لە گەنجی بەتاڵ و بێ پیشە و بێ كاریان دەردەچواند و، هەزارەها بڕوانامەی ڕواڵەتیی و بێ ناوەڕۆكیان دەبەخشیەوە، كەواتە دەبێ پەنجەی تۆمەت بۆ پڕۆسەی خوێندن درێژ بكەین، گلەیی و گازندە لەو ئاڕاستە و سیاسەتە بكەین كە ئەو پڕۆسەیە بەڕێوە دەبات، لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا ( سێكتەری خوێندن ) لەدوای وەزارەتی بەرگریی بە پلەی دووەم دێت لە تەرخانكردنی پارە و دارایی، بۆیە كاتێكیش دەرچوانی زانكۆكان لەو وڵاتەدا هەلی كاریان بۆ ناڕەخسێ خێرا هۆكارەكەی دەگەڕێننەوە بۆ شكست خواردوویی و ساختەیی بوونی پڕۆسەی خوێندن.