وەزیری ئاوەدانکردنەوە: کارکردن لە ڕێگەی خەلەکان-هیزۆپ دەستپێدەکاتەوە



دوای ناڕەزاییەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، وەزیری ئاوەدانکردنەوە بڕیاری دا کارکردن لە ڕێگەی خەلەکان-هیزۆپ دەستپێبکاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن سەردانی ناحیەی خەلەکانی کردو لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەو ژمارەیەک لە دانیشتوان و نوێنەرانی خۆپیشاندەران کۆبووەوە، سەبارەت بە پڕۆژەی ڕێگەی خەلەکان-هیزۆپ.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ڕایگەیاند، لە دیدارێکدا لە ناحیەکە کە بەڵێندەری پڕۆژەکەش ئامادەبوو، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن مژدەی بەهاووڵاتییان و دانیشتووانی ناحیەکە دا بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن لە پڕۆژەکەو بەڵێندەری ڕاسپارد کە لە ماوەی هەفتەیەکدا دەست بە کارکردن لە پڕۆژەکە بکەن.

دواتر دانا عەبدولکەریم لە لیدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان رایگەیاند؛ لەوکاتەی لەساڵی ٢٠١٩ لە وەزارەت دەستبەکاربووین رێژەی ئەنجامدراو نەگەیشتبووە لە ٢٠٪، لەکاتێکدا دەبوو پێشتر و تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ پڕۆژەکە تەواو بکرایە بەتایبەت لەوکاتەدا کە گرفتی دارایی نەبوو، بەڵام ئێمە رێژەی ئەنجامدراومان گەیاندە زیاتر لە ٤٥٪ سەرەڕای گرفتی دارایی و گرفتی هونەری کەپێشتر دروستکرابوو.

ئەوەشی خستەڕوو کە لەهەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی پارەی نەختینە بۆ پڕۆژەکە دابین بکرێت و وتی: ئەمڕۆ دەمەوێ هاووڵاتییان دڵنیابکەمەوە کە پڕۆژەکە دەخەینەوە بواری جێبەجێکردن، وەک حکومەتیش هەموومان هەر لە سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و منیش وەک وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئەرکی سەرشانمانە ئەم پڕۆژەیە تەواو بکەین، ئەگەر ئەو ئەرکە جێبەجێ نەکەین لای خوداو هاووڵاتییانیش بەرپرسیار دەبین.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە وتیشی:«هیچ بیانوویەک نییە بۆ دابین نەکردنی نەختینە، چونکە بەشی ئەوە داهاتی ناوخۆ لەبەردەستە کە بتوانین لانیکەم پڕۆژە ستراتیژییەکان دەستپێ بکەینەوە».

دابەشكردنی نەوت لە سنووری سلێمانی دەستپێدەكات
پێت دابەشكردنی نەوت لە سنووری سلێمانی دەستپێدەكات
پارتی گەڕایەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکووک
دوات پارتی گەڕایەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکووک
پەیوەندیدار