سەرۆك كۆماری ئێران سەبارەت بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ بارزانی دەڵێت: زۆر بە ئاسانی دەمانتوانی گفتوگۆ بكەین و جەختیشدەكاتەوە، ئەمریكا پێی خۆشە ئێمە بەشەڕبێین، بەڵام ئێمە ئەگەر عاقڵ بین شەڕ ناكەین.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆك كۆماری ئێران لە گفتوگۆیەكی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان دەڵێت: منیش لە مهاباد لەدایكبووم و ئەویش مەسعود بارزانی لە مهاباد لەدایکبووە، ئەویش مەسعودە و منیش مەسعودم، ئیتر چی ڕووداوێكی سەرنج ڕاكێش بوو، زۆر بە ئاسانی دەمانتوانی گفتوگۆ بكەین.
ڕاشیگەیاندووە، “لەخۆڕا شەڕیان لەنێوان ئێمە دروستکردووە، هەندێك كەس چەكدار دەكرێن بێنە ئەم دیو و لێرە و لەوێ شەڕێك دروست بكەن، بەڵام بڕیارە ئەوان ئاسایشی ئێمە بپارێزن و ئێمەش ئاسایشی ئەوان دەپارێزین”.
جەختیشی كردەوە، پەیوەندییەکانمان سەرڕاست دەكەینەوە و پەیوەندی ئابووریمان باش دەكەین و لە هەموو ئەو بوارانەی بۆمان دەگونجێت یارمەتی یەكتری دەدەین.
پزیشكیان دەڵێت: ئەمریكا پێی خۆشە ئێمە بەشەڕبێین، بەڵام ئێمە ئەگەر عاقڵ بین شەڕ ناكەین.