ئەمریکا هەڵوێستی لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگەیاند



ئەمریکا هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەدات.

ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی ئەیلوول وەزیری کارەبا و سامانە سروشتییەکان لەگەڵ كۆنسوڵی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان کۆبۆوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڵاویکردەوە، کۆنسوڵی گشتیی ئەمەریکا وێڕای دەربڕینی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە بواری كەرتی كارەبا و نەوت، باسی گرنگیی دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانی کرد.

کونسوڵی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمەریكا دەربارەی گرفتەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئاگادارە و ڕۆڵی وەک هاوبەشێکی گرنگی هەرێمی كوردستانی هەیە و لە نزیکەوە ئاگاداری ئالنگارییەکانە و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان و سەقامگیری عێراق و ناوچەكە دەدات.

كۆنسوڵی گشتیی ئەمەریكا وتیشی، ئەمریکا هیواخوازە كێشەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن، بەتایبەتی بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە زیانێکی گەورە بەر ئابووری هەرێم و کۆمپانیاکان کەوتووە.

ڕاشیگەیاند، ئەمەریکا چاوەڕوانە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە و بەغداش پشکی هەرێم لە سوتەمەنی دابین بکات، چونکە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە بەرژەوەندیی هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق دایە.

کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا جەختیشیکردەوە، لەگەڵ هاوکارانی لە بەغدا لەسەر هێڵ دەبن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و گەیشتن بە ڕێگاچارەسەری گونجاو لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق.

وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكان وێڕای گرنگ نرخاندنی رۆڵی کۆمپانیاکانی ئەمەریكا لە کەرتی وزەی هەرێم، ئاماژەی بە بونیاتنانی ژێرخانی کارەبا کرد کە 7600 مێگاواتە و ئێستا 4400 بۆ 4500 مێگاوات بەرهەم دێت و داوای کرد کۆمپانیاکانی ئەم وڵاتە ڕۆڵێکی زیاتریان لە بەگەڕخستنی وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبادا هەبێت.

 

نرخی نەوتی سپی گرانبوو
پێت نرخی نەوتی سپی گرانبوو
بانکی بازرگانی عێراق (TBI) ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە
دوات بانکی بازرگانی عێراق (TBI) ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە
پەیوەنیدر