بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ( ٢ ) دوو هاووڵاتی خنکاون.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە بەنداوی دووکان گەنجێکی عەرەب خنکا و ( ٤ ) کەسیش ڕزگارکران، کە بەیەکەوە بۆ گەشت هاتبوونە ئەم سنوورە ، لەلایەن تیمەکانی ژێرئاوی قەزای دووکانی سەر بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای سلێمانی توانرا لە ماوەی کەمتر لە ١٥ خولەک تەرمی خنکاوەکە دەربێنن و ڕاوەنەی پزیشکی دادوەری بکەن .
ڕاشیگەیاندووە، لە زێی گەورە گەنجێکی تەمەن (١٧) ساڵان خنکاوە و تائێستا تەرمەکەی نەدۆراوەتەوە، تیمەکانی ژێرئاوی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئاکرێ تا ئێستا لە شوێنی ڕووداون و بەردەوامن لە گەڕان .
ئاشكراشی كردووە، لە هەمان کاتدا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو (٨) کەس ڕزگارکراون لەلایەن تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی بەرگری شارستانی ( سلێمانی ، دهۆک ، کۆیە ، زاخۆ).
جەختیشی كردۆتەوە، لەسەرەتای ساڵەوە تا ئێستا (٧٩) هاووڵاتی لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان خنکاون، کە زۆرترینیان لە سنوری پارێزگای هەولێرە.