پارێزگاری بانکی ناوەندیی لە ڕووی گۆڕینی سیستمی دارایی عێراقەوە ڕایگەیاند، “پێشکەوتووین و ئێستا ملیۆنان کەس کارتی بانکی و سیستمی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنن”.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە میانەی وتارێکیدا ڕایگەیاند، سەقامگیری ئابووری و دارایی گۆڕانکاریی دەهێنێتە کایەوە، هەروەها لە هەوڵداین بۆ زیادکردنی گۆڕانکاریی دیجیتاڵی کە تێیدا کەرتی بانکی و دارایی رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لەم لایەنەدا.
ئاماژەی بەوەکرد، پێشکەوتنەکان لەو بوارەدا پەیوەندی بە بارودۆخ و ژینگەی عێراقەوە هەیە، هەرچەندە درەنگ دەستمانپێکرد بەڵام بەخێرایی بەرەوپێش دەچین و ژمارەکانیش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن، هاوکات ئێستا ملیۆنان کەس دەستیان بە بەکارهێنانی کارتی بانکی و سیستمی ئەلیکترۆنی کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، هەموو هەوڵەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکەن بۆ پەرەپێدانی سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و پێویستە دامەزراوە حکومییەکان پێشەنگ بن لە جێبەجێکردنی ئەو سیستمەدا و ئێستا سەقاڵی ئەو کارەن.