لەبارەی نرخی گۆشتی سوورەوە ڕوونکردنەوە دەدرێت



دەنگۆی دابەزینی نرخی ئاژەڵ و گۆشتی سوور لەنێو بازاڕدا بڵاوبووەتەوە و بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵیش دەڵێت، “دابەزینی نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو نییە، هەر ئاژەڵێک هەزار دیناری لێبووەتەوە”.

ئەمڕۆ شەممە، ئاسۆ عومەر، وتەبێژی گۆشتفرۆشانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، “نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور هەزار بۆ دوو هەزار دینارێک دابەزیوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، نرخی ئاژەڵ لە مەیدانی ئاژەڵان ١٠٠٠ دینار دابەزیوە کە بڕێکی زۆر نییە، بۆیە ئێمەش ١٠٠٠ بۆ ٢٠٠٠ نرخەکانمان کەمکردووەتەوە و لەوە زیاتر ناتوانین نرخەکان داببەزێنین.

جەمال حسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، بڕیاری کەمکردنەوەی ڕێژەی ٥٠٪ باجی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ تازە نییە و لە مانگی ئازارەوە هەیە، بەڵام کاریگەرییەکی دیاری لەنێو بازاڕدا دروست نەکردووە.

لەبارەی هۆکاری دانەبەزینی نرخی گۆشتی سوورەوە وتی، ئێمە ئاژەڵ لە وڵاتەکانی ئەرمینیا، جۆرجیا، ئازەربایجان، هەنگاریا بە ڕێگەی ئاسمانی هاوردە دەکەین، ئەمەش تێچوویەکی زۆری گواستنەوەی هەیە.

باسی لەوەشکرد، بە ڕێگای وشکانی ئاژەڵی ئێرانی بە فەرمی نایەتە ناو هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام ترانزێتە بۆ عێراق و ئاژەڵەکان دەبێت لەسەر سنوور کەرەنتینە بکرێن و مۆڵەتی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی بۆ وەربگیرێت ئەمەش تێچووی هەیە بۆ بازرگانان، لەگەڵ ئەوەشدا ئاژەڵ لە وڵاتی سووریاوە دەهێنرێتە هەولێر و دواتر بۆ سلێمانی.

جەختی لەوەکردەوە، بۆ دابەزینی نرخی ئاژەڵ و گۆشتی سوور لەنێو بازاڕەکاندا دەبێت سەرجەم تێچووەکان بەیەکەوە کەمبکرێنەوە، ئەگەر نا تەنها بە بڕیاری  کەمکردنەوەی باجی هاوردەکردنی ئاژەڵ نرخەکان کەمنابنەوە.

جەمال حسێن ئەوەشی خستەڕوو، تەنها بە هاوردەکردنی ئاژەڵ گرفتەکان چارەسەر نابن، بەڵکو پێویستە گرنگی بە سامانی ئاژەڵی ناوخۆ بدرێت، تا بتوانرێت هاوسەنگی لەنێوان خواست و خستنەڕوو ڕابگیرێت، هاوردەکردنیش بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لە خواستی هاووڵاتییان بێت.

نرخی کیلۆیەک ئاژەڵ تا ئێستا لە نزیکی نۆ هەزار دیناردایە و بەراورد بە پێشتر هەزار دینارێک دابەزیوە، نرخی کیلۆیەک گۆشتی بەرخ لەنێوان ٢٢ بۆ ٢٤ هەزار دیناردایە، گۆشتی دیکەش نرخی کیلۆیەکی ٢٠ هەزار دینارە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لە ٢٧ی ئازار ڕێژەی ٥٠٪ باجی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ کەمکراوەتەوە، کە ئەمەش بۆ ئەوە بووە ڕێگری بکرێت لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور، بەڵام تا ئێستا کاریگەرییەکی دیاری لەناو بازاڕدا دروست نەکردووە.

بە فەرمی سبەینێ کرا بە پشوو
پێت بە فەرمی سبەینێ کرا بە پشوو
نوێترین زانیاری دەربارەی هاوتاکردنی خانەنشینی پێشمەرگە
دوات نوێترین زانیاری دەربارەی هاوتاکردنی خانەنشینی پێشمەرگە
پەیوەندیدار