بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی وادەی دابەشکردنی پارەی گەنمی جوتیاران ئاشکرا دەکات و دەڵێت”چوارشەممەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکەین”.
نەسرین ئەحمەد بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ ( کەناڵ 8 ) ڕایگەیاندووە، “پێشبینىدەکەن رۆژانى دووشەممە و سێ شەممە پارەکە بخرێتەسەر هەژماری بانکى بابان لە سلێمانى و لە رۆژى چوارشەممەوە دەست بە دابەشکردنى پارەى گەنمى جوتیاران بکەن”.
هەر بە گوێرەی وتەی ئەو بەڕێوەبەرە، ئەم گوژمەی پارەیە 67 ملیار دینارە و بۆ ئەو جوتیارانەیە کە لە بەرواری 27ـی حوزەیران گەنمەکانیان ڕادەست کردووە.
هەر بەوتەی بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی، پێشتر 31 ملیار دیناریان بە سێ گوژمە لەلایەن بەغداوە بۆ نێردراوە، و ئەمەش بڕی 67 ملیار دینارە.
ئەمساڵ بڕی 685 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەرگیراوە، و بەپێی ڕێککەوتنی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراق دەبوایە بڕی 700 هەزار تۆن گەنم وەربگرن.
جێی باسە جوتیاران لەو بەروارەی دیاریکرابوو گەنمەکانیان ڕادەستی سایلۆکان کرد، بەڵام بەهۆی گرفتی نەبوونی سیولە و پارەی نەختینەیی تائێستا بەغدا کۆی شایستەکانی جوتیارانی نەناردووە.