سەرۆکی یەکێتی لەبارەی سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران مەسعود پزیشکیان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت” پزیشکیان گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ عیراق، هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سلێمانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان”.
دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی:
ئەمڕۆ بەخۆشحاڵییەکی زۆرەوە پێشوازیمان لە بەڕێز مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران کرد.
سەردانە مێژووییەکەی بەڕێز پزیشکیان گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ عیراق، هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سلێمانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەم سەردانە درێژکراوەی پەیوەندییە قووڵ و لەمێژینەکەی نێوان ئێمە و گەلی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە سەرۆک مام جەلال ئەندازیار و بناغەدانەری بووە.
لەدیدارەکەمان لەگەڵ بەڕێز پزیشکیان جەختمان لە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە بەرامبەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت گەلی ئێرانی دۆست و دووپاتمانکردەوە، رێگەنادەین و نامانەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە جێگەیەک بۆ هێرشکردنەسەر سەروەرییەکانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵکو ئەوەی ئامانجمانە و هەنگاوی بۆ دەنێین فراوانترکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دێرینەکەمانە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکاندا.
لەدرێژەی دیدارەکەدا سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی سەرکردایەتیی و گەلی ئێران کرد کە لە سەرجەم قۆناغە سەختەکاندا هاوکار و پشتیوانی خەڵكی كوردستان بوون، هەروەها لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تێکشکاندنی داعشدا، رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان گێڕا و هاوخەباتی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە بوون. ئاماژەشمان بەوەکرد، ئێمە هاوکاری و برایەتیی دۆستەکانمان لەیادناکەین و درێژەپێدەری ئەو سیاسەتە دەبین کە سەرۆک مام جەلال پەیڕەوی دەکرد و ئامانجەکەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و هاوبەشەکان بوو.
لەبەرامبەردا بەڕێز پزیشكیان ستایشی رۆڵ و پێگەی كاریگەری سەرۆك مام جەلالی كرد لە بونیادنانی عیراقی نوێ و داڕشتنەوەی سیاسەتێكی حەكیمانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران و ئاماژەیان بەوەكرد، ئێمە رێز لەو پەیوەندییە مێژووییە دەگرین و هیوادارین گەشەی زیاتری پێبدەین، لەبەرامبەر هەوڵ و هەنگاوە نیشتمانییەكانیشتاندا بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عیراق و هەرێمی كوردستان، هاوكار و پشتیوانتان دەبین.