ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، هەفتەی داهاتوو لیستی نوێی راستکراوەی مووچەخۆران بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێردرێت، بەمەش “مووچەی دوو مانگ بەیەکەوە دەنێردرێت”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هەردوو مانگی 8 و 9 پێکەوە دەنێرێت، کاتێک لیستی نوێیی ڕاستکراوەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغدا دەنێردرێت.
جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاستکردنەوەی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم لەسەر ئەو تێبینییانەی کە بەغدا هەیەتی کێشەکان چارەسەر دەکات کە جارێکی دیکە گرفتی مووچە دروست نەبێتەوە.
هاوکات دوێنێ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا، لە نزیکترین کاتتدا لە هەفتەی داهاتوو، لیستی نوێی راستکراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەی وەزیفيیان رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پاش ئەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووری بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەرێم و لە رۆژانی 8-9ی ئەیلوول لەگەڵ ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە هەردوولا ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری بڕیاری دا بە پێشکەشکردنی راسپاردەیەک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ ئاڕاستەکردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچە راگیراوەکانی هەرێم.