حکومەتی هەرێم لە ئاست کوژرانی 7 هاووڵاتی هەرێم بە هێرشەکانی تورکیا بێدەنگە



 

سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەتا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی فەرمییان ڕانەگەیاندووە لەسەر سێ هێرشی کوشندەی هێزەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کە هەفتەی ڕابردوو بوونە هۆی گیانلەدەستدانی 7 هاوڵاتی هەرێمی کوردستان.

لەسەر هۆکاری بێ دەنگی بەرپرسانی هەرێم، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە وتەبێژی سەرۆکی هەرێم و وتەبێژی حکومەتی هەرێم و وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەت. گشت هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.

مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری دیاری هەرێمی کوردستان، لەسەر هۆکاری بێ دەنگییەکە دەڵێت، “[بەرپرسانی هەرێم] پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا هەیە. سروشتییە لەبەر ئەوەی تۆ سنورت لەگەڵ تورکیا و ئێران هەیە، پەیوەندیت لەگەڵیان هەبێت. بەڵام بە مانای ئەوە نایەت بێدەنگ بیت لە هەموو کارەکانیان لە کوشتن و زوڵم لە کورد و پەلامارەکانیان…کە پرسیاریان لێدەکرێت، چی وەڵامێک بدەنەوە؟ بێ دەنگن چونکە ناتوانن پاساو بۆ ئەو بێ دەنگییەی خۆیان بەرامبەر بە تورکیا بهێننەوە.”

مەحمود عوسمان بە (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاند، “ئەو بێ دەنگییە شتێکی خراپ و هەڵەیە. ڕوح و گیانی ئەو هاوڵاتیانەی کورد کە شەهید دەبن لە هەردوو دیوی سنور گرنگترە لە ڕازیبوونی تورکیا. بەڵام ئەمە چەند ساڵێکە ئاوەها هاتووە و ئێستا [بەرپرسانی هەرێم] نایانەوێت و ناشتوانن پاشەکشەی لێبکەن.”

ڕۆژی 3ی نۆی 2024 بەرپرسانی ئیداری ناوچەی سیدەکان ڕایانگەیاند، گەنجێکی تەمەنی 29 ساڵی ناوچەکە لە کاتی ئاژەڵداریدا لە کوێستانی سنینی سنووری برادۆست بەهۆی تۆپبارانی تورکیاوە کوژراوە.

رۆژێک دوای ئەوە، لە هێرشێکی درۆنییدا لە ناحیەی خەلەکانی نزیک قەزای دوکان باوکێک و دوو کوڕەکەی گیانیان لەدەستدا. کەسوکاری قوربانییەکان بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند، باوکەکە، موزەفەر حوسێن خدر، تەمەنی 45 ساڵ بووە و دانیشتووی شارۆچکەی حاجیاوا بووە. یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی محەمەد تەمەنی 19 ساڵ بووە و کوڕەکەی تری بە ناوی موبین تەنها 13 ساڵ بووە.

ڕۆژی دواتر، واتا لە بەرواری 5ی نۆی 2024، هێرشێکی تری درۆنی لە ناوچەی شارباژێڕ بووە هۆی کوژرانی 3 هاوڵاتی. قائمقامی قەزای چوارتا بە دەنگی ئەمەریکای گوت، “هەر سێ کەسەکە مەدەنین و یەکێکیشیان منداڵە و کانۆلە لە دەستیدا بووە.”

لە دوای هێرشەکان، سەرەڕای زۆری ژمارەی قوربانیان، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکی فەرمییان دەرنەبڕیوە. هەفتەیەک دوای ڕووداوەکان و هەتا بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان وەڵامی پرسیارەکانی دەنگی ئەمەریکایان لەسەر هێرشەکانە نەداوەتەوە.

بە بڕوای سیاسەتوان مەحمود عوسمان، بێ دەنگی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە هەمبەر هێرشەکان ڕەنگدانەوەی ناکۆکی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانە و هاوکات وێنەیەکی لاوازتری هەرێم دەدات بە بەرپرسانی تورکیا.

مەحمود عوسمان ڕەخنە لە سیاسەتی حکومەتی تورکیا دەگرێت بەرامبەر بە کورد و دەڵێت: “لای ئەوان شتێک بەناوی کوردی باش نییە.”

ڕاشیگەیاند، “حکومەتی عێراق هاوکارە لەگەڵ حکومەتی تورکیا و لەم دواییەدا ڕێککەوتنی ئاسایشی لەگەڵ کردووە. بەڵام هەرێمی کوردستانیش نابێت بێ دەنگ بێت؛ ڕەخنەی هەیە لە پەکەکە و پەکەکە خراپە، ئەوە جیایە. بەڵام کێشە بنەڕەتییەکە پەکەکە نییە بەڵکو ئەنقەرەیە. ئەگەر تورکیا ئاشتی و ئارامی و پاراستنی سنورەکانی دەوێت، دەبێت ئاشتی بکات لەگەڵ کورد و گفتوگۆ لەگەڵ کورد بکات لەبری شەڕ.”

دەشڵێت، “ئەگەر لایەنە کوردییەکان بەیەکەوە هەڵوێستیان هەبێت زۆر سودی دەبێت و هیچ نەبێت بۆچونی خۆت ڕادەگەیەنیت و دەیسەلمێنیت تۆ یەک نەتەوەیت. چۆن کورد کوشتن ڕەوایە؟ مادام هەرچی تورکیا و ئێران دەیکەن ڕەوایە، کەواتە ئەوەی عێراقیش کردی بەرامبەر ئێمە ڕەوا بوو؟ بێ دەنگی واتا تۆ بە کردەوەکان ڕازیت.”

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕایگەیاند، بێزار و نیگەرانن لە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان.

هاوڕێ تۆفیق بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پەیوەندیەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “سەرۆکایەتی کۆمار بەتەواوەتی نیگەران و بێزارە لە دەستدرێژیەکانی تورکیا، وەک سەرۆکایەتی کۆمار ئیدانەیەکی توندی ئەم دەستدرێژیە بەردەوامەی تورکیا دەکەین بۆسەر سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان، وە ئەمە پێشێلکردنی میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان و پێشێلکردنی هەموو پرەنسیپێکی دۆستایەتیە لەنێوان دوو وڵاتی دراوسێ.”

ڕۆژێکیش پێش ئەم هەڵوێستەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، فراکسیۆنی یەکێتیی لە پەرلەمانی عێراق “بە توندی” هێرشەکانی ئیدانە کرد و رایگەیاند، “بێدەنگی و بێهەڵوێستی حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان لە ئاست ئەو پەلامارانە جۆرێکە لە شەرعییەت دان.”

بە پێی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) کە ڕێکخراوێکی ئەمەریکییە، ئاماری کوژراوانی هێرشەکانی تورکیا لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا گەشتووەتە 18 هاوڵاتی سڤیلی هەرێمی کوردستان

 

لە یەكەم شارۆچكەی هەرێم دابەشكردنی نەوت دەستی پێكرد
پێت لە یەكەم شارۆچكەی هەرێم دابەشكردنی نەوت دەستی پێكرد
حكومەتی هەرێم لێخۆشبوونێكی دیكەی دەركرد
دوات حكومەتی هەرێم لێخۆشبوونێكی دیكەی دەركرد
پەیوەندیدار