حكومەتی هەرێم: هیچ بەهانەیەك بۆ عێراق ناهێڵینەوە بۆ ڕاگرتن و دواخستنی مووچە



ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، پێشوازی لە بڕیار و ڕاسپاردەكانی پەسەندكراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنەكە و بڕیاری كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ دەكات بۆ خەرجكردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی كوردستان كە بێبەش كرابوون لە وەرگرتنی مووچەكانیان بەهۆی نەبوونی (ژمارەی وەزیفیی).

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا وردەكاری كۆبوونەوەی ئەمڕۆی بڵاوكردۆتەوە و ڕایگەیاندووە، گفتوگۆیان كردووە لە سەر ئەنجامەكانی كۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی وەزاریی فیدراڵی بۆ كاروباری ئابووری و ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر لە ڕۆژانی8-9ی ئەیلوولی 2024 و تاوتوێكردنی ڕێكار و هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی بڕیار وڕاسپاردەكانی ئەو كۆبوونەوە هاوبەشە لە لایەن وەزارەت و فەرمانگە تایبەتمەندەكانی حكومەتی هەرێم بەجۆرێك هیچ بیانوو و بەهانەیەك بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ نەهێڵرێتەوە بۆ ڕاگرتن و دواخستنی خەرجكردنی شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم.

ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە بڕیار و ڕاسپاردەكانی پەسەندكراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنەكە و بڕیاری كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ كرد سەبارەت بە بەردەوامبوونی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ خەرجكردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی كوردستان كە بێبەش كرابوون لە وەرگرتنی مووچەكانیان بەهۆی نەبوونی (ژمارەی وەزیفیی).

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختكردنەوە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ جێبەجێكردنی پابەندییەكان بە تایبەتیش بەردەوامبوون لەسەر تەواوكردنی ڕێكارەكانی هێنانەكایەی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا تۆمارنەكراون و ڕەچاوكردنی تێبینی و سەرنجەكانی دیكە بە جۆرێك لە نزیكترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی ڕاستكراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و ژمارەی وەزیفیان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بكرێت و لەبەرامبەردا حكومەتی فیدڕاڵ تەواوكاریی مووچەی مانگەكانی پێشوو بنێرێت، كە خەرجكردنی ڕاگیرابوو، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 8 لە هەرێم دابەش بكرێت و ئامادەكاریی پێویستیش بكرێت بۆ مووچەی مانگی 9 هاوتای مووچەی ناوچەكانی دیكەی عێراق.

دواتر هەریەك لە وەزیرانی (بازرگانی و پیشەسازیی، كار وكاروباری كۆمەڵایەتی، كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ناوخۆ، سامانەسروشتیەكان، پلاندانان، داد) ئەو بابەتانەیان خستەڕوو كە لەگەڵ وەزیرانی هاوتایان لە حكومەتی فیدڕاڵ گفتوگۆیان لەسەر كردووە و لێكتێگەیشتنی هاوبەشیان لێ هاتووەتەدی لە میانەی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنی ئابووری فیدڕاڵ وهەرێم لەبارەی هەندێك پرسی پەیوەندیدار بە ڕۆژمێری كشتوكاڵی، مۆڵەتی هەناردە و هاوردەكردن، مۆڵەتی كارگەكان ، تۆماركردنی كۆمپانیاكان، پۆلێنكردنی بەڵێندەران، دەروازە سنوورییەكان، گومرگ ، دۆسێیەی نەوت و وزە و كەرتی بانكی.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد بۆ بەردەوامبوونی كاركردنی لیژنە هاوبەشەكانی نێوان وەزارەت و كەرتە پەیوەندیدارەكان لە هەردوو حكومەت بۆ تەواوكردنی ئەو ئەركانەی پێیان سپێردراوە لە پێناو گەیشتن بە لەیەكتێگەیشتنی هاوبەش كە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت لە چوارچێوەی دەستوور .

مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاندووە، هیوادارین ئەو كەشە ئەرێنیی و لەیەكتێگەیشتنەی لە كۆبوونەوەكاندا گفتوگۆی تێدا كرا ببێتە سەرەتایەك بۆ چارەسەرێكی بنەڕەتی گشت كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەردوولا .

جەختیشی كردەوە، هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی و لە بەرامبەریشدا خوازیارە ڕێز لە مافە دەستووری و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی كوردستان بگیرێت.

لە كۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی كوردستانی ڕاسپارد بۆ پەسەندكردنی ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەی هاوبەشیان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاری فیدڕاڵیی بۆ ئابووری و ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری لە شاری بەغدا بۆ بەردەوامیدان بە كۆبوونەوە و دانیشتنەكان بە ئاراستەی گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ ئەو بابەتانەی كە ماون.

11ـی سێپتەمبەر…ئەوڕووداوەی ئەمریکای گۆڕی
پێت 11ـی سێپتەمبەر…ئەوڕووداوەی ئەمریکای گۆڕی
دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا دەستپێدەکات
دوات دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا دەستپێدەکات
پەیوەندیدار