کەمپی رۆستەم جودی لە شارۆچکەی مەخمور بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بۆردومان كرا و قوربانی لێكەوتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە 10ی ئەیلوول، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆردوومانی کەمپی رۆستەم جودی لە قەزای مەخمور کرا و بەهۆیەوە چوار كەس بریندار بوون.
سوپای توركیا سەرەڕای بەزاندنی خاكی هەرێم و داگیركردنی چەندین كیلۆمەتر و ئاوارەكردنی خەڵكی گوندەكان، بەردەوام ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بە بیانووی لێدانی گەریلاكانی پەكەكە بۆردومان دەكات و بەهۆیەوە دەیان كەسی مەدەنی كوژراون و بریندار بوون.
كەمپی مەخمور دەكەوێتە نێوان هەردوو پارێزگای هەولێر و نەینەوا و بەشێوەیەكی ئیداریی سەربە پارێزگای هەولێرە، ئەو كەمپە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو بۆ ئەو كوردانەی باكووری كوردستان كراوەتەوە، كە بەهۆی بارودۆخی سیاسیی توركیاوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردبوو.