وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی گشتی وڵاتی لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵ (2024) بڵاوكردەوە و ئاشكرای كرد، كە بڕی (6 ترلیۆن و 570 ملیار) دینار تەمویلی حکومەتی هەرێم بۆ مووچەی مووچەخۆران کراوە.
وەزارەتی دارایی عێراق، داهات و خەرجی خۆی بۆ حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، تا کۆتایی مانگی تەمموزی (2024)، کۆی داهاتی گشتی بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتی)یەوە زیاتر لە (77 ترلیۆن و 475 ملیار) دینار بووە و زیاتر لە (69 ترلیۆن و 157 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (89.4%) داهاتی نەوت و نزیکەی (8 ترلیۆن و 318 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (10.6%) داهاتی نانەوتی بووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، نزیکەی (73 ترلیۆن و 849 ملیار) دینار بووە، کە (90.4%)ی بۆ خەرجی بەگەڕخستن و (9.6%) بۆ خەرجی وەبەرهێنان بووە.
ئاشكراشی كردووە، دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان، بەڕێژەی (5.1%) داهات لە خەرجی زیاتر بووە و زیاتر لە (3 ترلیۆن 626 ملیار) دینار داهات سەرڕێژی کردووە. بەڵام لە مانگی (تەمموز)دا کورتهێنانی گەورە ڕوویداوە و خەرجی بەڕێژەی (35%) زۆرتر بووە لە داهات.
ڕوونیشی كردۆتەوە، “زیاتر لە (6 ترلیۆن و 86 ملیار) دینار خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە بووە، پەرلەمان نزیکەی (334 ملیار) دینار و سەرۆکایەتی کۆمار نزیکەی (33 ملیار و 874 ملیۆن) دینار و ئەنجوومەنی وەزیران زیاتر لە (5 ترلیۆن و 718 ملیار) دینار خەرجیان هەبووە”.
سەبارەت بە هەرێمی كوردستان لە ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، “تا کۆتایی مانگی تەمموز زیاتر لە (6 ترلیۆن و 570 ملیار و 613 ملیۆن) دینار تەمویلی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە”، بەڵام هیچ بڕە پارەیەك وەك بودجەی وەبەرهێنان نەدراوە بە هەرێمی كوردستان.