وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق ئاشكرای دەكات، لیژنەیەك پێكدەهێنرێت بۆ هاوتاكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی.
ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بە ناوی لیژنەی دارایی لە هەردوو وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق، لیژنەکە کار بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی و کەسوکارانی شەهیدان دەکات.
لە ماوەی ڕابردوودا و دوای بەركاركردنی یاسای خانەنشینی عێراق لە هەرێم، مووچەی خانەنشینان هاوتاكرا و بەهۆیەوە زۆرینەی خانەنشینان مووچەكانیان زیادی كرد و لە مووچەی مانگی 7ەوە بۆیان بەسترا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هەرێمی کوردستان لە 500 هەزار دینار تێپەڕ ناکات، لە کاتێکدا لە عێراق یەک ملیۆن و 200 هەزار دینارە، جگە لەوەی ئەوانەی عێراق سوودمەند دەبن لە کۆمەڵێک ئیمتیازی وەك قەرز و بیمەی تەندروستی.
هاوكات، بەپێی یاسای نوێی چاودێری كۆمەڵایەتی لە عێراق، مووچەی كەمئەندامان زیادكراوە بۆ 250 هەزار دینار و لە ئێستاشدا خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی هەرێم داوای هاوتاكردنی مووچەكانیان دەكەن.
پێشتریش، وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاند، كە هەوڵی هاوتاكردنی مووچەی سەرجەم چین و توێژەكان دەدەن لەگەڵ عێراق.