قوباد تاڵەبانی: ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ



قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆیان کرد.
لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە ( ٩ی ئەیلولی ٢٠٢٤) لە ھەولێر بە ئامادەبوونی ستێڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتی ئەمریکا بەڕێوەچوو، بە گرنگییەوە باس لە ھەڵبژاردنەکانی خولی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا و جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی پرۆسەی ھەڵبژاردن دەبێت بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و سەرکەوتووبێت لە بەدیھێنانی خواست و ئیرادەی ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان.
ھەردوولاش ھاوڕابوون کە دەبێت گروپی چاودێری نێودەوڵەتی لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەی ھەڵبژاردن بکەن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوکۆکرا لەبارەی دۆخی ئەمنی عێراق و ناوچەکە و بە گرنگییەوە باس لە پێویستیی مانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان کرا لە عێراق، بەوپێیەی ھێشتا تیرۆر ھەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا. لەمبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی بە گرنگییەوە ئاماژەی بە ھاتنی وەفدەکەی حکومەتی فیدراڵ کرد بۆ ھەرێمی کوردستان و رایگەیاند، ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکان و لەناویشیاندا کێشەکانی پەیوەندیدار بە موچە و بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان.
دۆلار گەیشتەوە 150 هەزار
پێت دۆلار گەیشتەوە 150 هەزار
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق و هەرێم دەستی پێكردەوە
دوات كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق و هەرێم دەستی پێكردەوە
پەیوەندیدار