گوندی بووکەڵەکان، ئەو گوندەی ٣٠ کەس و زیاتر لە ٤٠٠ بووکەڵەی تێدا دەژین



گوندی بووکەڵە لە ژاپۆن کە بە گوندی ناگۆرۆ ناسراوە، لە سەیرترین و سەرنجڕاکێشترین شوێنەکانی سەر زەویە، لە هەر شوێنێک بڕوانیت بووکەڵە دەبینیت.

گوندەکە دەکەوێتە دوورگەی شیکۆکو لە پارێزگای تۆکوشیما،  زیاتر لە ٤٠٠ بووکەڵە بە قەبارەی مرۆڤ لەخۆدەگرێت کە ژیانێک ھاوشێوە دەکەن، کە لەم گوندە دوورەدەستەدا بوونی نەماوە.

 

کەمی ژمارەی دانیشتوان بەهۆی کۆچکردنە بۆ گەڕان بەدوای ئەو دەرفەتانەی کە بۆ دەیان ساڵە لە دوورگەکەدا نەماون، هەروەها هەڵکشانی تەمەن کاریگەری لەسەر تەواوی گوندەکە دروستکردووە.

بۆ نموونە قوتابخانەی گوندەکە ئامادەبوونی تەواو بۆ بووکەڵەکان نیشان دەدات، بەڵام چیتر وانە پێشکەش ناکات، خوێندکاری نییە چونکە ١٨ ساڵە هیچ منداڵێک لە گوندەکەدا لەدایک نەبووە.

 

سەردەمانێک گوندەکە نزیکەی ٣٠٠ کەسی تێدا دەژیا، بەڵام لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا بەهۆی کۆچی دانیشتوانەوە بۆ شارە گەورەکان دەستی بە بچووکبوونەوە کرد.

کاتێک نیگارکێشی ژاپۆنی تسوکیمی ئایانۆ لە ساڵی ٢٠٠١ گەڕایەوە گوندەکە، بەهۆی لەدەستدانی ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتوانەکەی، گوندەکە وێران بوو بوو، بڕیاریدا بووکەڵە دروست بکات بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی دانیشتوانی پێشوو بکات .

 

ئایانۆ دەستیکرد بە دروستکردنی بووکەڵە بە بەکارهێنانی جلوبەرگی کۆن و ئەو کەرەستانەی کە لە گوندەکەدا دۆزیبوویەوە، بووکەڵەکان سەرەتا بچووک و سادە بوون، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات پەرەیان سەند و گەورەتر بوون.

 

ئایانۆ زیاتر لە ٤٠٠ بووکەڵەی دروستکردووە کە زیاتر لە ١٠ هێندەی ژمارەی دانیشتووانەکەیە.

 

ناوبراو بووکەڵەکانی بەسەر گوندەکەدا بڵاوکردەوە، لە پارک و ماڵ و شوێنە گشتیەکانی تردا، بووکەڵەکان بە خێرایی بوونە شوێنێکی سەرنجڕاکێشی گەشتیاری، سەردانکەرانی لە هەموو جیهانەوە ڕاکێشا.

هەرچەندە هەندێک کەس بووکەڵەکان بە ترسناک دەزانن، بەڵام خەڵکی گوندەکە بە بەشێک لە خێزانەکانی خۆیانی دەزانن، ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بووکەڵەکان یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی گوندەکە زیندووتر دەربکەوێت و لە تەنیایی ڕزگاریان بکات.

 

بووکەڵەکانی گوندی ناگۆرۆ لە ژاپۆن بەهۆی هەمەچەشنییەکی زۆریان لە قەبارە و شێوە و دیزاین جیا دەکرێنەوە، ئەم بووکانە نوێنەرایەتی مرۆڤ و ئاژەڵ و شتە بێ گیانەکان دەکەن و هەموویان بە وردییەکی زۆرەوە لەلایەن هونەرمەندی ژاپۆنی تسوکیمی ئایانوەوە بە دەستی دروستکراون، کە کاتژمێرێکی زۆر بۆ دروستکردنی هەر بووکەڵەیەک تەرخان کراوە.

لە ئێستادا ژمارەی دانیشتوانی گوندەکە بە نزیکەی ٣٠ کەس مەزەندە دەکرێت.

 

گوندەکە بووەتە شوێنێکی گەشتیاری بەناوبانگ کە سەردانکەران بۆ چێژوەرگرتن لە ئەزموونێکی ناوازە ڕادەکێشێت و نوێنەرایەتی چیرۆکێکی ناوازە و جوانی خۆشەویستی و لەدەستدان و هیوا دەکات و بووەتە شوێنێکی دیار لە کولتوری ژاپۆنی دا.

 

گوندەکە دوای ئەوەی سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، فیلمێکی دیکۆمێنتاری بە ناوی “گوندی بووکەڵە”ی تیا بەرهەم هێنرا.

بارزانی پێشوازی لە شاندە باڵاكەی عێراق دەكات
پێت بارزانی پێشوازی لە شاندە باڵاكەی عێراق دەكات
بریارێکی گرنگ لەبەرژەوەندی جوتیارانی هەرێمی کوردستان دەرکرا
دوات بریارێکی گرنگ لەبەرژەوەندی جوتیارانی هەرێمی کوردستان دەرکرا
پەیوەندیدار