سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سوپاسی پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراقی کردووە بۆ “پاڵپشتیکردنی تایبەتی خۆی لە هەژماری من”.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێشوازی لە عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکیی ناوەندیی عێراق کرد.
ڕوونیشیکردەوە کە لە دیدارەکەدا “تیشکمان خستە سەر چاکسازییەکانی بواری بانکی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها ئاماژەی بە پڕۆژەی ( هەژماری من) کرد کە تا ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە مووچەخۆرانی کەرتی گشتی تۆمارکراون و پێشبینی دەکرێت لە مانگی داهاتوودا مووچەی دووسەد هەزار کەس لە ڕێگەی (هەژماری من )ەوە بدرێت”.
وتیشی: “هاوڕابووین لە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی پڕۆژەکە و پشتیوانیی و چاودێریی بانکی ناوەندی”.
مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، “سوپاسی پارێزگاری بانکی ناوەندیم کرد بۆ پاڵپشتیکردنی تایبەتی خۆی لە هەژماری من و چاکسازییە بانکییەکانی حکومەتی هەرێم. هەروەها باسمان لە گەشەکردنی خواستی دامەزراوە داراییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ هەماهەنگیکردن و پشتگیریکردن لە ستراتیژیی حکومەتی هەرێم لە بواری داراییدا کرد”.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتیشی: “خێراترکردنی گشتگیری دارایی لە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ئامانجە ستراتیژییەکانی بانکیی ناوەندیی عێراق و هەنگاوەکانی بە دیجیتەڵکردنی بانکەکان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانمان بوو”.