ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی مووچەوە ئاشکرای کرد، “ئەو مووچەی کە دابەشکرا لە بنەڕەتتدا هی مانگی 8بوو نەک مانگی 7”.
ئەمڕۆ دووشەممە، نەرمین مەعروف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق لە بنەڕەتتدا مووچەی مانگی 8ی خەرجکردووە، بەڵام لە هەرێم بۆ مووچەی مانگی 7 دابەشکرا، چونکە بەغدا کۆمەڵێک تێبینی لەسەر لیستی مووچەی مانگی 7 هەبووە و داوایانکردووە هەرێم ڕوونکردنەوەی لەسەر بدات.
نەرمین مەعروف باسی لەوەکرد، عێراق پێی وایە لەنێوان مانگەکانی (1 بۆ 6) پارەیەکی زیاتر بە بڕی 595 ملیار دینار بۆ هەرێم خەرجکراوە، هەر بۆیە تا ئێستا مووچەی مانگی 7 خەرج نەکراوە.
لەبارەی هاتنی شاندی ئابووری عێراق بۆ هەرێم ئەوەی خستەڕوو، هاتنی شاندەکە ئەرینییە و کاریگەری لەسەر لێنزیککردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان هەیە، بۆئەوەی ئەو تێڕوانینی خۆیان لەبارەی ئەو کێشانەی کە ماوە بخەنەڕوو.
ڕاشیگەیاند، بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە، دەبێت لەم ماوەیەکی نزیکدا لەسەر مووچەی مانگی ٧ بگەنە ڕێککەوتن، هاتنی شاندەکەش هەنگاوێکە بۆ چارەسەرکردنی تێبینییەکان کە لەسەر لیستەکان هەیە و بووەتە هۆی لێبڕین و دواکەوتنی مووچە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی شەممە شاندی باڵای ئەنجومەنی ئابوریی عێراق گەیشتە هەرێم، دوێنێ یەکشەممە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەکانی بەردەم مووچە و بودجەوە دەستپێکرد و ئەمڕۆش بەردەوامییان دەبێت.