وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووریی گفتوگۆ لەبارەی پرسەکانی مووچە، بودجە و رێکارەکانی باج کراوە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر دۆزینەوەی میکانیزمێکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بڕیاردراوە کۆبوونەوەکان بۆ سبەی دووشەممە درێژەی هەبیت و دەرئەنجامەکانی لە بەرژەوەندی مووچەخۆران دەبێت.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتەکە بڵاویکردووەتەوە، لەدرێژەی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابوری لەهەرێمی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی یەک شەممە ( ٢٠٢٤/٩/٨ ) کۆبونەوەیەکی تایبەت بەچارەسەری کێشە ئابوری و داراییەکان لە نێوان هەردولا بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی دکتۆر فوئاد حسێن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابوری و تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی و عەمار سوبحی خەڵەف سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ژمارەیەک لەڕاوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و لەهەرێمی کوردستانیش هەریەک لە ێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆو ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری و دکتۆر دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتییەکان ئامادەی بوون.
وەزارەتی دارایی دەشڵێت:”کۆبونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا بەڕێوەچوو، هەردولا هاوڕابوون لەسەر چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردولا بەتایبەت ئەو کێشانەی ڕەهەندی دارایی و و ئابورییان هەیە لە سەر بنەمای یاساو دەستوور”.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە لەکۆبونەوەکە پرسی بودجەو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و خاڵەسنوریەکان و ڕێکارەکانی باج گفتوگۆیان لەبارەوە کراو هەردولا هاوڕابوون میکانیزمی هاوبەش بۆ چارەسەری کێشەکان بدۆزرێنەوە.
دەشڵێت:”بڕیارە کۆبوەنەوەکان سبەی دووشەممە درێژەی هەبێت و چاوەڕوان دەکرێت دەرئەنجامەکانی لە بەرژەوەندی فەرمانبەران و مووچەخۆران و خانەنشیان بەگشتی و هەرێمی کوردستان بێت”.