ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی وەزاری حکومەتی عێڕاق وتی” گفتوگۆمان لەبارەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کرد و جەختمان لە ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە”.
ئەمڕۆ یەک شەممە 8ی ئەیلوول، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، گفتوگۆمان لەبارەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کرد و جەختمان لە ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، کە ئەگەر خواست و ویستی چارەسەر هەبێت، چارەکردنی کێشەکان ئاسانە و پێویستە ڕێزگرتن لە دەستوور و ڕێککەوتنەکان، بنەما بێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکان.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، حکومەتی هەرێم جەختی لەوەکردۆتەوە، کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموو بەشەکانی عێراق بکات و حکومەتی هەموو ناوچە و پارێزگاکان بێت، وەک چۆن داکۆکی لە مافی هاووڵاتییانی بەسرا و بەغدا دەکات، بە هەمان شێوە پێویستە بەرگری لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بکات.
حکومەتی هەرێم دووپاتیشیکردەوە، کە هەرێمی کوردستان ، هەرێمێکی دەستووریییە و دەبێ ڕێز لە قەوارەی فیدراڵی هەرێم بگیرێت و لەم چوارچێوەیەدا ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.
هاوکات فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری هاوڕابوو لەسەر گرنگیی و پێویستی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور وتیشی” هاتنی ئەم شاندە باڵایەش بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانە.”.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لیژنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا، بە جیا لەسەر تەوەرەکان کۆبوونەوە و گفتوگۆی بەرفراوانیان کرد و کۆبوونەوەکانیش لە کەشێکی ئەرینێیدا بەڕێوەچوون کە تێیدا بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە بیروڕا دەربارەی چارەسەکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور ئاڵوگۆڕ کرا و بڕیارە کۆبووەنەوەکانیش بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت .