بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت ، دوای سكاڵای خاوەنی نۆرینگەیەك (دەرمانخانە) لەنێو بازاڕی قەزای كەلار كە لە بەرواری 2-1- 2023 دزی لەنۆرینگەكەی كرابوو، دوای لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان ئەمڕۆ پێنج شەممە توانیان لەڕێگەی كامێرای چاودێریەوە تۆمەتبار بناسنەوە و دەستگیری بكەن.
عەلی جەمال قدووری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بڵاویكردەوە، كە دوای لێكۆڵینەوە تۆمەتبار دانی بەوەدا ناوە كە بڕی شەش ملیون دیناری لەنۆرینگەی ناوبراو دزیوە و هەروەها لەچوار نۆرینگەو تاقیگەی دیكە لەگەڕەكەكانی سیروان و شەهیدان و فەرمانبەران دزیكردوە بەوتەی خۆی تەنانەت پارەی نێو صندوقی هاوكاری نەخۆشخانەی هیواشی دزیوە كەتایبەتە بەنەخۆشێكانی شێرپەنجە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە تۆمەتبار بۆ شاردنەوەی خۆی لەكامێراكان قژی دەستكردی بەكار هێناوەو بەچەند جۆرێك شێوەی خۆی گۆڕیوە و پێشتریش بەتۆمەتی دزیكردن سێ ساڵ زیندانی كراوە، تۆمەتبار دانیشتووی ناحییەی ڕزگاریە و لەدایكبووی 1977 ە لەئێستا بە بڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی 446 بەندكراوە.